فواد عینایەتی پاش ٣٢ ڕۆژ دەسبەسەری، هەنووکە لە زیندانی سنە ڕاگیراوە

12:05 - 4 بانەمەڕ 2722

فواد عینایەتی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی (پارکی نەورۆز) سنە، هێشتا لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندان بۆ ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە داوای بارمتە دەکەن.

فواد عینایەتی ڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی سنە، لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکان دەسبەسەر کرا.

فواد عینایەتی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، لە پشتیوانی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژئاوا لە سنە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو و مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، ئەو چالاکە مەدەنییە لەلایە ن لقی ١٠٤ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری سنە، بە سەرۆکایەتیی داوەر "ئومیدی" بە "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی" تۆمەتبار و بە ١٠ مانگ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ساڵی ٩٩، حوکمی لێدانی ٧٤ زەربە قامچی لە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فواد عینایەتی" لەلایەن لقی ١ی بەڕێوەبەریی سزای کەیفەریی شاری سنە جێبەجێ کرا.