فواد عینایەتی بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

11:07 - 2 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەزەڵوەر، ''فواد عینایەتی'' چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

فواد عینایەتی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەر، بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو.

لێپرسی لقی ٢ی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی سنە، ئەو چالاکە مەدەنییەی بە "تێکدانی نەزمی گشتیی لە ڕێگای بەشداریی لە کۆبوونەوەی نایاسایی دژی ئەمنییەتیی نەتەوەیی" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەتی و هێزەکانی دژە شۆڕش، هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پاڕکی منداڵ (پاڕکی نەورۆز) و "فواد عینایەتیـ"ـیان دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی بانەمەڕ، بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە، ئازاد کرابوو.

فواد عینایەتی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٨ لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژاوا لە شاری سنە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، لە لقی ١٠٤ی دادگای کەیفەریی دووی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئومیدی"، بە "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداریی لە کۆبوونەوەی نایاسایی" تۆمەتبار و بە ١٠مانگ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ساڵی ٩٩، حوکمی لێدانی ٧٤ زەربە قامچیی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١ی بەڕێوەبەریی سزای کەیفەریی شاری سنە جێبەجێ کرابوو.