فشاری کۆمەڵایەتی، خۆکوژیی لاوێکی جوانڕۆیی لێکەوتەوە

16:45 - 1 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی جوانڕۆ بەهۆی کێشەی دەروونییەوەو لەرێگەی خۆسووتاندنەوە هەوڵی خۆکوژی دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لاوێکی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بەناوی یاسر مەحموودی کوڕی حاجی قادر، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

شایەتحاڵان رایانگەیاندووە، یاسر مەحموودی بەهۆی فشاری دەروونیەوە لەبەر دەرکی ماڵی خۆیان ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

دەگوترێت، ئەو لاوە کوردە پێشتریش چەندین جار هەوڵی خۆکوژی داوەو بە گوتەی شایەتحاڵان ئەمجارەیان زۆربەی ئەندامانی لەشی سووتاون.

هەنووکە یاسر مەحموودی لە نەخۆشخانەیەکی کرماشان لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە و بە گوتەی پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە، زیاتر لە ٩٠ لەسەدی جەستەی سووتاوە.

بە گوتەی هاووڵاتییان، ئەو لاوە کوردە، کەسێکی هێمۆسێکشواڵ بووەو بەو هۆیەوە بە بەردەوامی لەلایەن کۆمەڵگەوە بەرەوڕووی تانە و تەشەر بۆتەوە، کە لە ئەنجامدا پەنای بۆ خۆسووتاندن بردووە.

ئازادە کیان، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆی پاریس، سەبارەت بە خۆ سووتاندنی هاووڵاتییان و بەتایبەت ژنان بە رادیۆ فەردای راگەیاندبوو؛ خۆسووتاندن هاوارێکی گورچووبڕە، کە تاک هەوڵ ئەدات هاواری خۆی بە گوێی تێکڕای خەڵکی جیهان بگەیەنێت.

پێشتر رۆژنامەی \"مەغرب\" بڵاوی کردبوویەوە، لە هەر رۆژێکدا ١٣ هاووڵاتیی ئێرانی هەوڵی خۆ کوژی ئەدەن، کە نێونجی تەمەنیان لە نێوان ٢٩ ساڵدایە و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ئوستانەکانی ئیلام، لوڕستان و کرماشان زۆرترین ئاماری خۆکوژی لە وڵاتی ئێراندا لە خۆ دەگرن، کە بە گوتەی بەرپرسانی رێکخراوی بێهزیستیی ئێران، زۆربەی خۆکوژییەکان لە رێگەی خۆسووتاندنەوە ئەنجام ئەدرێن.