فشاری هێــزە ئیتلاعاتییەکان بۆسەر خاوەن کافی‌نێتەکانی کرماشان

22:23 - 17 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا فشاری هێــزە ئیتلاعاتییەکان بۆسەر خاوەن کافینێتەکانی ئوستانی کرماشان بە شێوەی سیستماتیک رووی لە زیاد بوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە چەند حەفتەی رابردوودا بەشێک لە کافینێتەکانی ئوستانی کرماشان، کامێرای چاوەدێری دادندراوەو هاوکات بە خاوەن کافی‌نێتەکان راگەیاندراوە کە وێڕای وەرگرتنی کارتی پێناس لە هاووڵاتییان، دەبێ کاتی هاتن و چوونیشیان تۆمار دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە تەنیا ئەو کافی‌نێتانە کە ناوەکەیان فارسییە مۆڵەتیان پێ ئەدرێت و هاوکاتیش دەبێ کامێرای چاوەدێری لە دووکانەکەیان دابمەزرێنن.

هەروەها هێــزە ئیتلاعاتییەکان، بەڕێوەبەرانی کافی‌نێتەکانیان ئاگادار کردۆتەوە، لە ئەگەری بەکارهێنانی فیلتێر شکێن مۆڵەتەکەیان هەڵدەوەشێننەوە و دووکانەکەشیان بەرەو رووی داخران دەبێتەوە.

لە رۆژانی رابردووشدا مەئموورانی ئەماکن لە چەندین کافی‌نێتی شاری پاوە لە ئوستانی کرماشان، بە بێ رەزامەندیی خاوەن کافی‌نێتەکان، کامێرای چاوەدێریان دامەزراوە و هاتوچۆی هاووڵاتییان کۆنترۆڵ دەکەن.