فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان باوکی رۆژنامەنووسێکی کوردی رەوانەی نەخۆشخانە کرد

20:34 - 5 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی پووشپەڕ، حەبیبوڵڵا گوڵکار باوکی رۆژنامەنووسێکی کورد، دوابەدوای هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان و بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بەمەبەستی نەشتەرگەری رەوانەی نەخۆشخانە کرا و هەنووکە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەبیبوڵڵا گوڵکار پاش ئەوەی کوڕەکە بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەمەبەستی رادەست کردنەوی رۆڵەکەی خرایە ژێر فشارەوە و کە بەهۆی بەردەوامیی ئەو فشارانەوە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و لە ئەنجامدا رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سنە بەمەبەستی نەشتەرگەری رەوانەی نەخۆشخانەی \"لەواسانی\"ی شاری تاران کرا.

\"13489.jpg\"
حەبیبوڵڵا گوڵکار، باوکی رۆژنامەنووسێکی کورد
شۆڕش گوڵکار کوڕی \"حەبیبوڵڵا\" رژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری سنە پاش ماوەیەک راگیران ماوەیەک لە زیندان، بە سپاردنی بارمتە لە زیندان ئازاد کراو بەهۆی هەست کردن بەمەترسیی گیانی و فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت.

دوابەدوای چوونەدەرەوەی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە لە وڵات، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی رادەست کردنەوەی شۆڕش، فشاری خستۆتە سەر بنەماڵەکەی و ئەم فشارانەش گەیشتۆتە ئاستێک کە دادگا بڕیاری زەوت کردنی خانووبەرەی باوکی ئەو رۆژنامەنووسە کوردەی دەرکردووە.

ئەو حوکمەی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە حاڵێک دایە کە ئەو خانووبەرەیە تاکە شوێنی نیشتەجێ بوونی بنەماڵەی چەند سەر خێزانیی ئەو هاووڵاتییە کوردەیە.