فشاری فەرماندەرانی سوپای پاسداران خۆکوژیی سەربازێکی یارسانیی لێکەوتەوە

14:04 - 19 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کوردی یارسانیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەربە کرماشان، لە پادگانێکی سوپای پاسداران لە شاری بیجار بەهۆی فشاری فەرماندەکانییەوە هەوڵی خۆکوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٨ی خاکەلێوە حیکمەت سەفەری کوڕی ئیبراهیم و خەڵکی گوندی \"قەڵای زنجیر قەڵخانی\" لە یەگانی پەدافەندی هەوایی سوپای پاسداران لە شاری بیجاڕ بەهۆی فشاری فەرماندەرانی سوپای پاسدارانەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

دەگوترێت، ئەو سەربازە کوردە بەهۆی سەختگیری و فشاری فەرماندە نیزامییەوەکانی ئەو پادگانی سوپای پاسدارانەوە وەزاڵە هاتبوو، کە سەرئەنجام بە زەبری چەکی سازماندراویی خۆی هەوڵی خۆکوژی داوە.

\"19236.jpg\"
حیکمەت سەفەری بە زەبری چەکی سازماندراویی خۆی هەوڵی خۆکوژی داوە
بە وتەی کەسانی ئاگادار لەو رووداوە، حیکمەت سەفەری بەر لە خۆکوشتن لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندی گرتووە و باسی لە فشاری فەرماندەرانی نیزامی کردووە و هاوکات وەسییەت‌نامەکەی خۆی بە باوکی داوەو ئەو وەسییەت‌نامەیەش لەلایەن فەرماندەرانی پادگانی سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

پێشتریش، لەسەرەتای مانگی گەلاوێژی ساڵی رابردووی هەتاویدا سەربازێک بەناوی ئومید محەممەدی، لە ئەنجامی کێشەی مەزهەبی لەگەڵ فەرماندەرانی مقەڕی سوپای پاسداران ساڵحاوای شاری بانە، لەلایەن فەرماندەرانی ئەو پادگانەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

هەروەها، لە ناوەڕاست مانگی خەزەڵوەری ساڵی رابردوودا و لە درێژەی سووکایەتی کردنی بە سەربازانی یارسانی لەلایەن ناوەندە حکوومییەکانەوە، سەربازێک بەناوی \"سابیر مافی\" خەڵكی شاری قەزوین و هاووڵاتیی یارسان كەلە پادگانی ئاموزشی \"٠٢\"‌ی هێزی زەمینی ئەرتشی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەتاران سەرقاڵی تێپەڕكردنی دەورەی ئامووزیشییەكەی بوو، لەلایەن فەرماندە نیزامییەكانەوە دەست و لاقی بەسترابوو، بە زۆرەملی سمێڵ‌یان تاشیبوو.

چەند رۆژ لەمەو بەریش سەربازێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان کەلە پادگانێکی کرماشان سەرباز بوو، بەهۆیەکی ناڕوون لە شاری مەریوان، بەهۆیەکی ناروون لە نزیک گۆلی زرێبار خۆی هەڵواسی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

فشاری فەرماندە نیزامییەکان بۆ سەر هاووڵاتیاینی کورد و بەتایبەت پەیڕەوانی ئایینی یارسان لە کاتێکدایە، کە کەمینە ئایینییەکان لە ئێران بەرەوڕووی زۆرترین فشاری ناوەندە ئەمنییەکان دەبنەوە و بەو هۆیەوە خۆکوژیی سەربازە کوردەکان رەوتێکی ئاسایی بەخۆیەوە گرتووە، کە ئەمە بووە هۆی ئەوەیکە لێپرسراوانی پلە بەرزی نیزامی لەو پەیوەندییەدا و بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان بەخشنامەیەکی مەحرەمانە بڵاو بکەنەوە.
\"19224.jpg\"

\"19225.jpg\"