فشار بۆ سەر چالاكانی سیاسیی كوردی دەرەوە و ناو زیندان

13:42 - 7 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: دوو كەس لە زیندانیانی سیاسیی خاوەن رابردووی كوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی ـ قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێكراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هێزەكانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپا لەبۆكان سەردانی ماڵی باوكی یووسف رەحمانپووریان كردووە و پێیان وتوونە دەبێ‌كوڕەكەیان رادەستی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە بكەن.

رەحمانپووركە پێشتریش زیندانی كێشاوە لەكاتی چوونی مەئموورەكان بۆ ماڵەكەیان، لە سەفەردا بووە.

\"20798.jpg\"
یووسف رەحمانپوور، لەرێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی لێكراوە و پێیان وتووە، لە ئەگەری دەستبەسەركردنیدا حوكمی زۆر قورسی بۆ دەبڕنەوە
یووسف رەحمانپوور لەساڵی ١٣٨٢ بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران دەستبەسەر و دوای پێنج مانگ مانەوەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری بانە و زیندانی سەقز، لەلایەن دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری سەقزەوە هەر بەو تاوانە بە دوو ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو حوكم درابوو.

سەردانی حیفازەتی ئیتلاعاتی سوپا بۆ ماڵی ئەو هاووڵاتییە كوردە چەند رۆژ لەمەوبەر بووە و نابراویان بە پێوەندی گرتن لەگەڵ میدیاكانی دەرەوەی وڵاتی ئێران و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ تاوانبار كردووە.

لەو بارەیەوە كەمپەینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ بڵاوی كردۆتەوە، یووسف رەحمانپوور لەلایەن ئەو ناوەندە ئەمنیەتییەوە بانگهێشت و لەرێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی لێكراوە و پێیان وتووە، لە ئەگەری دەستبەسەركردنیدا حوكمی زۆر قورسی بۆ دەبڕنەوە.

رەحمانپوور دوو جاری دیكەش لەساڵەكانی ٨٥ و ٨٧‌دا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ماوەی زیندانییەكەی لە گرتووخانەكانی ئیسفەهان، مەهاباد، بۆكان، خۆی، \"شهر رزا\" و زیندانی ناوەندی ورمێ‌تێپەڕ كردووە.

\"20799.jpg\"
چەنگیز قەدەم خێر بە تۆمەتی \" هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامیەتی لە حیزبێكی كوردیدا\" بە ٤٠ ساڵ زیندان حوكم دراوە
لەلایەكی دیكەوە چەنگیز قەدەم خێر، زیندانیی سیاسیی كورد لە گرتووخانەی مەسجید سولێمان لە ئوستانی خووزستان لە دۆخێكی جەستەیی زۆر خراپ دایە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە خۆیان لە ناردنی ئەو هاووڵاتییە كوردە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، بواردووە.

چەنگیز قەدەم خێر خەڵكی كامیارانەو مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ لە دەورووبەری شاری سنە لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر كرا.

دوگوترێت؛ ئەو هێزانە لەكاتی دەستبەسەر كردنیدا تەقەشیان لێ‌كردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسیە لەلایەن دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی \" هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامیەتی لە حیزبێكی كوردیدا\" بە ٤٠ ساڵ زیندان حوكم دراوە.