فرۆشی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی چالاکێکی سیاسیی کورد لە ئێران قەدەغە کرا

19:26 - 14 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: فرۆشی بەرەهەمە وەرگێڕدراوەکانی \"شۆڕش گوڵکار\" چالاکی سیاسیی کورد لە زۆربەی کتێب فرۆشییەکانی شارە کوردنشیەکانی ئێران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە قەدەغە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کتێبی \"روانینێک لە ناوەوە بۆ بزووتنەوەی چەپ لە ئێران، لە نووسینی \"مەهدی خانبابا تێهرانی\"، \"لاپەڕە دڕاوەکانی بەندیخانە\" لە نووسینی \" بوزۆرگ عەلەوی\" و \"هەبوو نەبوو\" لە نووسینی \"محەممەد عەلی جەماڵ‌زادە\" ئەو کتێبانەن کە لەلایەن شۆڕش گوڵکارەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، مەئمورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارە کوردنشینەکان، ئەو بەرهەمانەیان کۆ کردۆتەوە.

\"16569.jpg\"
شۆڕش گوڵکار چالاکی سیاسیی کورد چەند ساڵ پێش ئێستا بە هۆی چالاکی سیاسی و فشاری هێزە ئەمنیەکانەوە بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە خاوەن کتێب فرۆشییەکانیان راگەیاندووە: \"وەرگێڕی ئەم کتێبانە کەسێکی دژە شۆڕش و ئێوەش ئیزنی فرۆشی بەرهەمەکانی ئەو کەسەتان نییە\".

شۆرش گوڵکار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دروستیی ئەم هەواڵەی بۆ ئاژانسی کوردپا پشتڕاست کردەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە چەند ساڵ پێش ئیستا و پاش چەند مانگ راگیران لە زیندان، بەهۆی چالاکیی سیاسی و هەروەها فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.
\"16570.jpg\"

\"16571.jpg\"