فرۆشتنی مادەی سڕکەر پیشەی نوێی عەتارەکان

14:41 - 6 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: مادە هۆشبەرەکان لە ئێران و پارێزگاکانی کوردستان ڕووی لە زیاد بوون کردووە و ئەو کارەش لەلایەن باندەکان و تۆڕەکانی سەر بەو باندانە لە حاڵی پەرەسەندن دایە.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری جێگری زانکۆی علوم پزیشکی کرماشانەوە بڵاویکردەوە، ٧٥%ی عەتارییەکان کاری سەرەکی خۆیان لە بیرچووتەوە و خەریکی فرۆشتنی ماددەی سڕکەرن.

دوکتور ئومید عەبدی ڕایگەیاند: عەتارییەکان بوونەتە کێشەیەکی جیددی بۆ ئێران و پارێزگای کرماشان و لەو باریەوە گوتی، لە حاڵی حازردا ٧٥% ی عەتارییەکان لە کاری سەرەکی خۆیان لایان داوە.

ئەو بەرپرسەی زانکۆی علوم پزیشکی گوتی؛ بەداخەوە عەتارییەکان زۆرتر بۆ لای فرۆشتنی ماددەی سڕکەر دەچن و لە کرداری سەرەکی خۆیان لایان داوە و تەواوی بەڵگەکان ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن.

هەروەها ناوبراو ئەم پرسەی بە کێشەیەکی جیددی بۆ سەر تەندروستی کۆمەڵگا وەسف کرد و ڕاگەیاند، ئەو کارە پێویستی بە ڕێکخستن هەیە و دەبێ چاوەدێری ئەو ناوەندانە لە چوارچێوەی زانکۆی علوم پزیشکیەوە بێت.

ئومید عەبدی بە ئاماژە کردن بەبڵاوکردنەوەی ماددەی ڕەوانگەردانی مەترسیدار لە عەتارییەکان گوتی، ئەو کارە لایەن باندەکان و تۆڕی سەر بەو باندانە بەرێوە دەچێت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە سڕکەرەکان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار مۆعتاد لە ئێراندا بوونیان هەیە و ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئامارە نافەرمییەکان باس لەبوونی چوار ملیۆن تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لەئێراندا دەکەن.

لە ئێستادا، ماددە هۆشبەرەکانی وەک \"تریاک، هێرۆئێن و شیشە\" لە وڵاتی ئێراندا زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە.