فرانت لاین دیفێندێرز خوازیاری ئازادیی دەسبەجێی شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا بوو

18:11 - 25 بانەمەڕ 2722

فرانت لاین دیفێندێرز وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەمەڕ دەسبەسەریی خۆسەرانه‌ی شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، خوازیاری ئازادبوونی دەسبەجێ و بێ مەرجی ئەوان بوو.

ئەو ڕێکخراوە داکۆکیکارە مافی مرۆییە، داوای لە بەرپرسانی ئێران کرد کە دڵنیایی تەواو بەوان بدات کە تەواوی قۆناغەکانی هەڵسووکەت لەگەڵ ئەو سێ مامۆستایە بەپێی بڕیارنامەی ٤٣/١٧٣ی کوڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بووه، کە لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٨ پەسەند کراون.

فرانت لاین دیفێندێرز هەروەها داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات کە دڵنیایی تەواو بەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە بدات کە ئەو ئەندامانەی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لە کاتی دەسبەسەری ئیمکانی دەستپێڕاگەیشتنیان بە پارێزەر هەبووە.

هەروەها ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە داوا لە بەرپرسانی ئێرانی دەکات کە پێبەندی ڕێککەوتننامەی نێونەتەوەیی مافە سیاسی و مەدەنییەکان بێت و لە کرانە ئامانجی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ خۆی ببوێرێت و ئیزن بەو چالاکانە بدات کە چالاکییە مافی مرۆییەکانیان بە شێوەی ڕەوا و دوور لە هەر جۆرە ترس و دڵەڕاوکە و تۆقاندن و تۆڵەکردنەوە و گوشاری قەزایی، درێژە بە چالاکییانیان بدەن.