عەلی‌ئەشرەف دەرویشیان نووسەری ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد

13:14 - 5 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: عەلی‌ئەشرەف دەرویشیان، نووسەری ناوداری کوردی خەڵکی شاری کرماشان، بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەزەڵوەر، عەلی‌ئەشرەف دەرویشیان بە هۆی نەخۆشی لە تەمەن ٧٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

هەواڵی کۆچی دوایی ئەو نووسەرە کوردە، لە لایەن هاوژینەکەی \"شاناز داربیان\" پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەو نووسەرە کوردە پاش تەواو کردنی خوێندنی بووەتە مامۆستای گوندەکانی کرماشان و گێڵانغەرب و چەند ساڵێک ئەرکی پیرۆزی مامۆستایەتی بە ئەستۆ بووە.

دەرویشیان ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی، لە بەشی ئەدەبیاتی فارسی لە زانکۆی تاران دەستی بە خویندن کردووە و بڕوانامەی باڵای کارناسی لەو بەشە بەدەست هێناوە.

ناوبراو بە هۆی چالاکی سیاسی و نووسینی کتێبێک بە ناوی \"از این ولایت\" لە ساڵانی ١٣٥٠ هەتا ١٣٥٧ی هەتاوی لە زینداندا بووە.

عەلی‌ئەشرەف دەرویشیان ساڵی ٨٦ی هەتاوی، بە هۆی نەخۆشینی پەستانی خوێن و پچڕینی یەکێک لە دەمارەکانی لای مێشکی ڕاستی ماوەیەک لە شاری تاران لەژێر چاوەدیری پزیشکی تایبەتدا بووە.

ئەو نووسەرە خاوەنی زیاتر لە ٦٠ بەرهەمە، کە لە بوارەکانی \"چیرۆک بۆ منداڵان و مێرمنداڵان\"، \"کۆکردنەوە\"، \"کورتەچیرۆک و رۆمان\" و \"فەرهەنگی خەڵکی ئاسایی نووسراون.