عەلی ئەڵڵاوەیسی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

18:49 - 10 خەرمانان 2722

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی خەرمانان، عەلی ئەڵڵاوەیسی، ئەندامی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە، کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لەلایەن دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە "پرۆپاگەندە دژی نیزام"، "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" و "ڕێکخستنی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان" تۆمەتبار و بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بانەمەڕ، پێی ڕاگەیەندرابوو.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕین  بەو حوکمە، حوکمی عەلی ئەڵڵاوەیسی، لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، بۆ ٥ مانگ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی گۆڕدرا.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٨ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٠، عەلی ئەڵڵاوەیسی بە بی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردانی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی هەتا کاتیی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.