عەلی یوونسی:\" حیزبە خۆجێیەکان لە بەرژەوەندی خەڵکدا نین\"

22:04 - 1 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: عەلی یوونسی هاریکاری تایبەتی سەرکۆماری ئێران لە کاروباری نەتەوە و کەمەنەتەوەکانی ئێران ڕاگەیاند: حیزبە خۆجێیەکان لە قازانجی\"بەرژەوەندیی داهاتووی ئێران نییە\".

بەپێی ڕاپۆرتی\"یول پرس\" عەلی یوونسی جێگری سەرکۆمار لە کاروباری نەتەوە و کەمە نەتەوەکانی ئێران، هەرچی حیزبەکان میللی‌تر بن لە بەرژەوەندی هەموومانە دایه و حیزبە خۆجێیەکان لە قازانجی ئێمەدا نینە.

یول پرس لە درێژەی قسەکانی عەلی یوونسیدا نووسیوویەتی: \"حیزبی میللیی لە ئێران گشتگیر بێت و هەموومان بە بیری هاوبەشدا تێیدا بەشداری بکەین و ئەوەش لە بەرژەوەندی ئێمە دایه، که بە داخەوە هێشتا بەو ئاستە نەگەیشتووین\".

بە وتەی ناوبراو بەرژەوەندیی ئێمە لەوە دایە کە حیزبی میللیمان هەبێت، هەتا بە نوێنەرایەتی خەڵک و دەوڵەت لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ئێراندا بەربەرەکانێ بکەین.

ناوبراو لە درێژەدا هەروەها باسی لە فەرە نەتەوەیی خاکی ئێران کردووە و هەروەها باسی لە پەیوەندیی نێوان کورد و ئازەری کرد کە ئەو دوو نەتەوە برای دووانەی یەکترین.

عەلی یوونسی لە درێژەدا دەڵیت: \"ئازەرییەکان لە گەڵ کوردەکان برای دووانەی یەکترین و ئەو دوو قەوەمش لە نەتەوەی مادەکانن، کە پێش لە هەخامەنەشییەکان لەو خاکەدا جێگر بوونە و لەگەڵ یەکتریدا تووشی شەڕ و کێشە بوونه، بەڵام لە یەک بنەماڵەن\".

قسەکانی هاریکاری سەرکۆماری ئێران بۆ کاروباری نەتەوەکان لە ئێراندا، ڕوانگەی ڕاستەقینەی \"اصلاح‌طلب\"ـەکان و دەوڵەته لە هەمبەر نەتەوەکانی ئێراندا.