عەلی عابدی: لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، بە شێوەی نافەرمی چالاکییەکانم قەدەغە کراوە

16:20 - 23 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندێکی کوردی سەقزی، باسی لە بەربەستی سەروویاساییی بەردەم چالاکییەکانی خۆی کرد.

\"عەلی عابدی\" هونەرمەندی ناسراوی کورد، خەڵکی شاری سەقز، لە وتووێژێکدا لەگەڵ حەوتوونامەی \"ڕۆژان\" باسی لە بەربەستەکانی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەو شارەی لەسەر ڕێگای چالاکییەکانی خۆی کرد.

دقی وتووێژی عەلی عابدی، کە لە لایەن حەوتوونامەی \"ڕۆژانـ\"ـەوە بڵاوکراوەتەوە بەم چەشنەیە:

عەلی عابدی شاعیرو ئاهەنگساز و ژەنیاری ویۆلۆن لە ١٣٦٤ی هەتاوی هاتوتە دنیای هۆنەرەوەو لە بواری ئاهەنگسازیدا زۆر سەرکەوتوو بووە و چەندین سرود و گۆرانی ناوازەی چۆتە دڵی کۆمەڵگاوە و ئەم بەرهەمانە هەرمان بوونتەوەو بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەم گۆرانیانە بکەین ؛ \" بەتەنیا جێم مە‌هێڵن\" ، شەهید( شەهید گوڵی چیای بەرزە)، شار ، حماسە ، نابەزم ، ژانی گەل و چەندین سرود و گۆرانی دیکە. هەرەوها عەلی عابدی یەکەم ئاهەنگساز بووە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێعری نوێی( بە ڕاگرتنی قاڵبی شێعرەکە بێ کەم و زیاد کردن) بەکار هێنا وەکوو ئەم بەرهەمانەی : \" زام \" ( شێعری مامۆستا ڕفێق سابیر) \" دەرکی بەهەشت ، شەهید ، تابەکەی و هتد...

زۆرجار بۆ ميلۆدیەکان هۆنراوەی نووسیوە کە ساکاربوون (لەهەمان کات پڕمانا بوون) ، زمانی ناسک و خەیاڵاوی( دووری لە وشەی زبر) ، دووری کردن لە وشەی کەسایەتی و تاکێكی تایبەت، لە بیر مانەوە و لەیادمانی هۆنراوەکانلە مێشکی بەرانبەر ، یەکگرتوویی بابەت ، ڕەوان بوون و گونجاو بوونی بۆ مێلۆدی ، لە تایبەتمەندی هۆنرواەکانی عەلی عابدیە لە وانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە \" زەمانێک هەر تۆ بۆ من \" ، شوعلەی ئەوین ، تۆی هاودەمم ، سەربەخۆیی و هتد...

عابدی لەماوەی ٣ دەیە کاری هونەری دا وەک ژەنیار و ئاهەنگساز و ئارێنجمێنت بۆ چەندین هونەرمەندی وەک ؛ کامەران عومەر ، ژاڵە سنەیی ، ئەردەوان ڕۆستەم پوور ، محەمەد ڕەئوف کەرکووکی ، عادڵ عەزیز ، شێرزاد حەسەن زادە،جەماڵ حەسن نژاد،نەبز محەموودی،وەستاخدر رادوێ ساز،عەبدوڵامحەموودی، هێدی قادری ، مەحموود هەژیر ، محەمەد گۆمانی ، تاهیر خەلیلی ،حسێن خاڵدار، سەید برایم سەقزی ،حسام حسەینی، کەریم خاکی ،عەلی بینایی، سیروان خالدی ، مەنسوور کاویان ،عادڵ عەزیز،ئومێدمستەفا، حامید عوسمان ، تارا ڕەسوڵ ، دانیال ، زرار ، نەبەز مەحموودی ، نایب منبەری ، حسێن دانایی ،محەمەد کێلەشینی ، سەید محەمەد سەفایی ، فەقێ مینە ،قادر ماڵەدۆمی، جەلال کەریمی ،جەلیل مەڕانی،عەبدووڵامحەموودی،مستەفا زەریفی،هیواحسەینی،غەریب زەیناڵی، نیزام مەلازادە و هتد دەیان گۆرانی و ئەڵبۆمی تۆمار کردووە.

تا ئێستا ٤ کتێبی لە بواری ئاهەنگسازی و لێکۆڵینەوەی موزیکی کوردی بەناوەکانی \" بەتەنیا جێم مەهێڵن ، وەرزێک لە ئاوازەکانی عەلی عابدی(٢٠٠٤سلێمانی)\" ، \"لە دڵمایە، ژیان و بەرهەمی ڕەشید فەیزنژاد(٢٠٠٦ سلێمانی )\" ،\"ژیلان، گۆرانی بۆ منداڵان(١٣٩١) \"، \" زایەڵە ، ٣١ گۆرانی بۆ تار ، سێتار و سەنتوور .

دەتوانین بڵەین عابدی یەکێکە لە جیلی یەکەمین ئاهەنگسازانێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مۆسیقای پاپ ی کوردی دەست پێکردوە و زۆربەی ئاوازەکانی هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا پاپن و زیاتر لە مۆدە ڕۆژاواییەکان کەڵکی وەرگرتووە و لەهەمان کات بە ڕوونی تایبەتمەندی مۆسیقای کوردی وەک ڕەوتی مێلۆدی و ڕیتمی کوردی پێوەدیارە ئاوازەکانی بۆ بیسەرانی کورد نامۆ نین و نمونەی سەرکوتووی زۆرە . هەر ئەوەندە بەسە بڵەین کە بەتەنیا جێم مەهێڵن نەوەک سرودێک بۆ هەڵەبجە بەڵکوو ئێستا وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی لێ هاتووە کە لە بۆنە جۆراوجۆرکان دەبێتە هێما یەکگرتن و هاودڵی وەک چۆن لە فارسەکان دا \" یار دبستانی \" ئەو ڕۆڵەدەگێڕێ.

عەلی عابدی لە دەیەی ٧٠ و ٨٠ هەتاوی دا لە بواری مۆسیقا و کەلەپووری کوردی گەلێک چالاکی بەرچاوی ئەنجام دا و چەندین ئاوازی کۆن و ڕەسەنی لەبیرکراوە دوبارە هێنا ناو کۆمەڵگاوە لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە : پەندی پێشینیان ، ٣ کاسێتی محەمەد کێلەشینی ، زێرنۆکێ ( ئەڵبۆمی یەکەمی ئەردەوان ڕۆستەمپوور) ، چەندین بەرهەمی سەید محەمەد سەفایی ، سەید برایم سەقزی ، کەریم خاکی ، جەلال کەریمی ، فەقێ مینە ، حسەین خاڵدار ، جەماڵ حەسەن نژاد و ...

ئەگەرچی ئەو خۆی مامۆستای خۆی بووە و بە خۆڕسک ئاهەنگسازی و نۆتە و تیئۆریی و ژەنینی ویۆلۆن و ... فێر بووە بەڵام لەدەیەی ٧٠ی هەتاوی بۆ فێربوونی زیاتر و پلەکانی باڵا دەچێتە لای مامۆستای گەورەی کورد\" موجتەبا میرزادە\" و شانازی شاگردی لە خزمەت ئەو مەزنە هونەرمەندەدا بووە و ئەزمونێکی هاوکێشی گەوهەری لێ فێر دەبێ . عابدی ٢٨ ساڵە لە فێرگە و ناوەندە هونەریەکان وانەی مۆسیقا دەڵێتەوە و چەندین قوتابی سەرکەوتوو هەبووە . ئەو لە وانە گووتنەوە ی مۆسیقا دا لە هەمان کات کە مۆسیقای ڕۆژاوایی ( کلاسیک ) دەڵێتەوە ، مۆسیقای کوردی ش بە شێوەی زانستیانە و نۆتە و تێئۆری دەڵێتەوە چوون بڕوای وایە هەردووک پێویستن.

ساڵی ١٣٩٢ هەتاوی بەرهەمێکی بەناوی \"حماسە \" کە ئاهەنگسازی خۆی بوو لەگەڵ تیپی مۆسیقای نەکەرۆز بڵاو کردەوە و لە لایەن جەماوەری کورد و میللەتانی دیکەوە زۆری پێشوازی لێ کراو و لە زۆربەی کەناڵە بیانی و فارسی و کوردیەکانەوە بڵاو کرایەوە و بوو بە هۆی ئەوەی جگە لە کورد لە نێو گەلانی دیکەش دا ناسراو بێت.

عەلی عابدی تا ئێستا چەندین گروپی مۆسیقای سەرپەرشتی کردووە لەوانە : \" سروە ی سەقز \" ، \" تیپی مۆسیقای سەردەشت \" و تیپی مۆسیقای نەکەرۆز ( کە دامەزرێنەری ئەو گروپە بووە و تائێستاش سەرپەرەشتی دەکات) .
لەگەڵ گروپی نەکەرۆز تا ئێستا ٢ کۆنسێرت و ١٩ جار بەرنامەی ساڵڕۆژی هەڵەبجە و چەندین بەرنامەی ئەنجام داوە بەڵام دواهەمین کۆنسێرتی عەلی عابدی ، ڕەشەمەی ١٣٧٧ی هەتاوی بووە و ئێستا زیاتر لە ٢٠ ساڵە کۆنسێرتی ئەنجام نەداوە.

لەم وتووێژەدا عەلی عابدی باسی هۆکاری بەرێوە نەچوونی کۆنسێرتمان بۆ دەکات.

پ :هۆکاری چیە بەرێزتان زیاتر لە ٢٠ ساڵە نەچوونەتە سەر ستەیجی کۆنسێرت؟ خۆتان حەزتان نەکردوە یانئیجازەی ئەو کارەیان پێنەداون؟

و: لەماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ چالاکی هۆنەریمدا بە شێوەیەکی ڕانەگەیندراو نەکراو واتە بەکردەوەقەدەغەی کارکراوم.چەندین جار لە رێگەی یاساییەوە بۆ بەرێوە بردنی کۆنسێرت، هەمایش، سمیناری هۆنەری چووینەتەپێش بەڵام نەیانانهێشتووەو ڕێگر بوون.

تەنانەت چەندین جار لە ئیدارەی ناوەندی ئیرشادیپارێزگای سنەوەئیجازەی سمینار و هەمایشی هونەریم بۆ وەرگیراوە بەڵام ئیدارەی ئیرشادی قەزا ( واتە سەقز) و ناوەندە بەرپرسیارەکان رێگیریان کردووە و سەروتر لە یاسا توانیویانە بەر بە بەرنامە سەحنەیەکانم بگرن.

پ: پێتان وایە چ لایەن و کەسانێکن کە ئاستەنگیان بۆ دروست کردوون ؟

و: لای هەموو کەس ئاشکرایە ئەو کەسانە کێن، بەڵام وڵامەکە ئەوەیە کە هەندێک لۆمپێنی نزۆکیفەرهەنگی و هۆنەری کە داردەستی دەسەڵاتداران و موتریبی دیوەخانەکانن ماوەی ٣٠ ساڵە بێ پسانەوە ناوەندە ئەمنی و فەرهەنگیەکانیان لە من وهاورێیانمهاشەدار دەکەن بۆ ئەوەی نەتوانین چالاکی هۆنەری ئەنجام بەدەین. جودا لەوەش نیشانی سیاسی بونیان پێوە هەڵواسیوم و هەربەم بۆنەوە زیاتر لە دەجار بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەکان کراوم بە بێ ئەوەی یەک دێڕ پەروەندەی قەزائییان لە من ببێت.

پێویستە ڕونی بکەمەوە کە لە ماوەی ٤٠ ساڵ حوکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەغەیری مەمنوعول کار بوون لە تەواوی ماف گەلێک کە شارومەندێکی عاددی لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەیەتی من مەحروم بووم، تەنانەت زۆر شتی دیکەشم لەسەر هونەر و ئەم پێشهاتانە داناوە کە جارێ بۆ باس کردن نابێت.

پ: بۆچی ئەو زەخت و فشارانەیان بۆ هێناویت؟

و: هەرچەندە جوابی ئەم پرسیارەت لای نەیارانی منە بەڵام ئەوەندە دەزانم ئەم ستەمە ٣٠ ساڵە لەسەرمەو تەنانەت چەندین جار پلانی حەزفی فیزیکیم لە ئارادا بووە و چەندین جاریش ڕاستەو خۆ وتویانە کە دەبێ لێرە برۆیت. کە واتە حەز ناکەن لە پێش چاویان بم و دەیانەوێ ڕاستەوخۆ کاریگەریم لەسەر ڕەوتی هونەری کوردستانببڕن و گۆشەگیر و حەزفمبکەن.

پ: بەم لێکدانەوەیە دەتوانین بلێین هەر بەم هۆکارانە بووە کە لەم ٣٠ ساڵدا چالاکیتان بە شێوەی ژێرزەمینی و سەربەخۆ بووە بە جۆرێک بونەتە هێمای موزیکی ژێرزەمینی کوردستان؟

و: بەڵێ ئەو بۆچوونەکەتان دروستە و زۆرترین چالاکی نوسین و تۆمارکردنم بە شێوەی ژێر زەمینی بووە.

پ: بۆ باری ماددی و تکنیکی بەرهەمەکانتان کێ ئێسپانسێرتان بووە؟
چۆن توانیوتانە ئەو بەرهەمە بە ناوبانگ و ناوازانە ئەنجام بدەن؟


و : چ لەباری ماددی و تکنیکی هیچ لایەن و جێگایێک پشتیوانی ویاریدەرم نەبووە تەواوی ئەم بەرهەمانە لەو ٣٠ ساڵدا لە سەر گیرفانی خۆمبووە و لە هەموو بەشێکی ژیانم لێداوە بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمانە بگاتە دەستی خەڵک کە تەنانەت زۆرجار لە بانک وامم هێناوە .

پ: ئێوە نە لەشار و نە لە دێ خاوەنی بچوکترین دەرئامەدی ئابوری دیکە نین و تەنیا لە شەهریەی قوتابیەکانت ژیانتان دەگوزەرێ، بەم شێوازە سەختەی ژیان چۆن توانیوتانە بگەنە ئەم ئاستە لە هۆنەردا؟

و: بەڵێ ئەوە ڕاستە من جگە شەهریەی قوتابیەکان و چەن تۆمار کردنێک دەرئامەدێکم نییە و هەر ئەو کەمەش کە پەیدام کردووە لە تۆمار و کلیپەکاندا خەرجم کردونەتەوە بۆیە باری ئابوریشم لەبار نییە.

پ: چی وای لێ کردیت نانی ڕۆژانە و تەنانەت سڵامەتیتان لەسەر هۆنەر و ئەم وڵاتە دابنێن؟

و: وەڵامی ئەم پرسیارەت شی کردنەوەی زۆر دەخوازێت بەڵام بە کورتی ئەڵێم کە ئەشقی ڕاستەقینەو دڵێکی پاکی مرۆڤ تووشی هەر کردارێک دەکات. ژیان و چالاکی لە کۆمەڵگایەکدا کە هەمووشت بە سیاسی و مافیای و بنەماڵەیی و ناوچەیی و حیزبی کراوە دژوارە و بۆ کەسێک کە بەرفراونتر لەم چەق بەستوییە بیردەکاتەوە بێ شک چالاکی و هەڵسوڕانی پڕدەبێت لە کۆسپ و تەنگەژە.

پ: بەرێز عابدی جەنابت جودا لە ڕۆژهەڵات لە گشت پارچەکانی دیکەی کوردستان دەتناسن و گوێیان لە بەرهەمەکانت بووە تەنانەت میللەتانی جگە لە کوردیش بە هەندێ لە کارەکانتان سەرسامن ، لەلایەن حوکومەتی هەرێم و ناوەندی فەرهەنگیەکانیەوە یان لەلایەن ئەو کۆمەڵە کەلتوریە کوردیانەی کە لە ئوروپان قەت پشتیوانی کراوی ؟

و: نەخێر هەرگیز هاوکاری نەکراوم. تەنانەت قەلەمێکیان پێ نەداوەم پێی بنووسم.

پ: بۆچی؟ هۆکار چی بووە؟

و: لە ڕوانینی منەوە دو هۆکاری بووە یەکەم ئەوەی کە من بە مانای ڕاستەقینە هۆنەرمەندێکی سەربەخۆم و لەهیچ حوکومەت و حیزب و خێڵ و ناوچەیەک خەت وەر ناگرم،دووهەم، لەبەر ئەوەی کە لە لایەن دەموودەزگاکانی حوکومەتی ئێرانەوە لای بەر پرسە حیزبیەکانی حوکومەتی هەرێم سفارش نەکراوم.
سروشتی سیاسەتی ئەم حیزبە کوردیەکان وایە ئەم حوکومەتانەی ناوچە هەر کەسیان خۆش نەوێ ئەوانیش حەزی پێ ناکەن.

پ: بۆچی شێوەی مامەڵەکردنیان وایە؟

و:لەبەر ئەوەی کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریان وا دەخوازێ. ئەوە لای هەموو کەسێک ئاشکرایە کە هەر ئەم جەماعەتە بە ناو ڕۆشنبیر و هونەریانەی کە هەموو ڕۆژێ بەرنامەیان بۆ سازدەدرێت و تێردەکرێن و بەدیلی حوکومەتن، هەر ئەو کەسانە لە باشوریش پشتیوانی قورس و قایم دەکرێن و تەنانەت هەر ئەو هونەریانە بەدیلی حیزبە کوردیە نەیارەکانی ئێرانیشن.بەم لێکدانەەویە دیارە لە یەک ناوەندی تایبەتەوە یەک خەتی فەرهەنگی و هونەری دیکتە دەکرێت.ئەودەموودەزگا ئاشکرا و سێبەرانەی حیزبەکان لەباشوور لە ئورووپاش لەو کەسە هۆنەریانە پشتیوانی دەکەن کە بەدیلی حوکومەتەکانن.

هۆنەرمەند و رۆشنبیری سەربەخۆ کەسێ خۆی بە خاوەن ناکات.چۆن لە کوردستان عەقلانیەتی ناوچەیی و خێڵی و حیزبی زاڵە.

پ: لەم ساڵانەی دواییدا زۆر کەس توانیان چەندین کۆنسێرت و بەرنامە و کۆبوونەوە بەرێوە بەرن، پێتان وانییە بارودۆخ لە چاو ساڵانیپێشکراوەتر بووە و ئاستەنگ کەمترە؟

و: بە درێژایی مێژوو بارودۆخ بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ دەسەڵاتداران بوون ، باش و کراوە بووە.بەڵێ بۆچوونەکەی ئێوە ڕاستە کە هەندێ کەسی هۆنەری وڕۆشنبیری کە تاساڵانی پێشوو دەنگ و ڕەنگ و هەمووشتێکیان قەدەغەوقاچاخ بوو ئەوە ئێستا هەموو بەرهەم و شتەکانیان لە ناو خۆی ئێران بە مجەوزەوە چاپ و بڵاو دەبێتەوەو تەنانەت جودا لە پشتیوانی ماددی بەرهەمەکانیان لە کاناڵەسەراسەری و پارێزگاکانی دەنگ و ڕەنگی ئێران بڵاو دەکرێتەوەو ریکلامیان بۆ دەکرێت، بەڵام کەسانی وەک ئێمە کە سەربەخۆ بووین لە رۆژی ئەوەڵەوە هەتا ئێستا هەر قەدەغە و قاچاخ بووین و مەمنوعول کارو مەمنوعول ژیانین.

شرۆڤەی ئەم بابەتە زۆر ئاسانە،واتە ئەگەر مەوردی قەبووڵ یا لەگەڵ دەسەڵاتداران بیت ئەوە کۆنسێرت و بەرنامە لە ژوورەوەو لە دەرەوەی وڵات و میدیا و پوڵ و هەمووشتێکی بۆ ئامادە دەکەن. ئەگەر سەربەخۆش بیت حەقی کار و ژیانت پێ نادەن. بەڵام ئەوە گرینگە ئاماژە بکەین سەرکەوتنی هونەرمەند ئەو سیما جوان و پاک و ڕووسوورەیە کە لە دواڕۆژدا بە شانازیەوە باسی دەکرێت و سەری لە ئاست مەرام و باوەڕ و ئامانجەکانی خۆی و گەلی خۆی بەرزە و ئەمە هەرمان دەیهێڵێتەوە نەک دەنگ و ڕەنگی پارێزگا و قاپی ئەڵبۆمی مجەوزدار و (کۆنسێرتی بوزورگ)ی سفارش کراو .

پ: بەرێز دڵزاری کوڕتان لە بواری ئاهەنگسازی و تەنزیم و مۆسیقای نوێ و سەردەمیانە و ئەکادمیک زۆر بەتوانا و خاوەن بەهرەیە ، بۆچی ناوەندە فەرهەنگیەکان لە ئاست ئەویش دا بێ سەرنج و کەمتەرخەمن.

و: ولامەکە ئاسانە هۆکەی ئەوەیە دڵزار کوڕی منە و بەهرەدارە. ئەوان نەک لە ئاست دڵزار بەڵکوو لەگەل هەر هونەرمەندێکی بەهرەدار کە بتوانێ بەردێک لەسەر بەردێک دا بنێ کێشەیان هەیە.تا نزۆکتر بی خۆشەویست تری.

بۆهەموو تاکێکی کورد و دنیا ئاشکرایە کە چۆن تەواوی بەشەکانی ژیان بە مافیا کراوە هەر ئاواش مافیای هۆنەری هەیە و ئەوانەی لە ناو ئەو مافیا جێ دەگرن خاوەن هەموو ئیمتیازێکن وئەوەیش کە لەو ناوە نەبێت هەوڵ دەدەن حەزف و ئینکار و ڕەشی بکەن.

پ: بۆچی ڕۆشنبیران و هۆنەریەکان لە ئاست ئەم بێ عداڵەتیەی کە لەحەق بە جەنابتان کراوە و دەکرێ هیچ نانووسن و بێ دەنگن؟ یان بۆ قەت شرۆڤەی ئەو بەرهەمانە ناوازانەی ئێوە ناکەن؟

و:چۆن زۆربەی ئەو بەناو ڕۆشنبیروهۆنەریانەلە ناو ئەو مافیان وا باسم کرد و کەسی جگە لە خۆیان بۆ گرینگ نیە. ئەگەر لەمن بدوێن پییان وایە ئیمتیازەکانیان لێ دەستێننەوە. ڕۆشنبیر و هۆنەرمەندی چی ؟ زۆربەیان خەریکی بساز و بفروشی ماڵ و زەمینن و بونەتە تاجر ، هونەر بۆیان خۆشگوزەرانی و کات بەسەربردنە نەک پیشە و ڕێباز و ئامانج. هونەرمەند هەیە دایکی ناردوتە ساڵمەندان ئیتر چۆن کەسانی وەک من بۆ گرنگە!!
بۆ نموونە زۆر لە رۆشنبیر و هونەریەکان حەز دەکەن هامووشۆم بکەن یان بێن لەلام گۆرانی تۆمار بکەن بەڵام لە ترسا ناوێرن بێن. جارێکیان شاعرێکم تووش بوو لەدوای ئیزهاری ئیرادەتی زۆر وتی زۆر ئاواتمە وێنەیەکت لەگەڵ بگرم بەڵام دەترسم دوایی تووشی کێشە بم.

پ:ئەم وڵاتە چی پێ بەخشیوی؟

و: هیچ جگە لەوەی کە ئەو بارودۆخە سەختەی کە بوو بەهۆی ئەوەی من بەهێزتر، تیژبیرتر بم و ئیرادەم پۆڵایین بێ. ئەوەیشی کە بەڕەنجێکی زۆر پەیدام کردبوو ئەوەیشم هەر بەم وڵاتە بەخشیوە.