عەلی زولفی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

16:17 - 25 رەزبەر 2721

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی زولفی" کوری حەمزە و خەڵکی شاری بۆکان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی"، بە چوار مانگ و ١٠ ڕۆژ زیندان، مەحکووم کراوە.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" مەحکووم کردبوو و ئەو حوکمەش لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

کۆبوونەوەی دادگایی ناوبراو، مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی شاری بۆکان، بەرێوە چووبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ٩٩، عەلی زولفی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.

عەلی زولفی، پاش دەسبەسەرکردنی لە پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

شەوی سێشەممە، ٣٠ی بەفرانباری ٩٩، لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە بۆکان، ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی "عەلی زولفی"، شووشەی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندبوو.