عەزیمە ناسری بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا

11:39 - 5 خەرمانان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانان، عەزیمە ناسری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە: "ئەو هاووڵاتییە پاش مانەوەی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسینی حکوومەتی ئێران، ڕاگەیەندراوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "عەزیمە ناسری، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری کراوە و لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە".

ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەزیمە ناسری و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

 ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ٩٩، ناوبراو بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

عەزیمە ناسری، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندی زیندانی ژنان ڕاگوێزرابوو.