عەدنان حەسەن‌پوور وەکوو یەکێک لە ١٠٠ قارەمانی چاپەمەنیی جیهان ناسێندرا

14:38 - 10 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: بەپێشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانی لەئێران، چووە ریزی سەد كەسی قارەمان و سەركەوتووی بواری راگەیاندن و چاپەمەنی لە ئاستی جیهاندا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لیستێكی سەد كەسی لە رۆژنامەنووسانی ٦٥ وڵاتی جیهان، لەلایەن هەواڵنێرانی بێ‌سنوورەوە بڵاو كراوەتەوە و چوار كەس لەو رۆژنامەنووسانە لەگرتووخانەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دەستبەسەری‌دان.

ئەو لیستە لە بەرەبەری ٣‌ی مانگی مەی ( ١٣‌ی بانەمەڕ)، رۆژی جیهانی ئازادی چاپەمەنی بڵاو كراوەتەوە و ژیلا بەنی یەعقووب، عەدنان حەسەن‌پوور، سیامەک قادری و سەعید مەتین‌پوور ئەو كەسانەن كە ناویان چۆتە ریزی قارەمانانی چاپەمەنییەوە.

كریستۆف دۆڵوار كەسی یەكەمی رێكخراوی هەواڵنێرای بێ‌سنوور لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، ئەو قارمانانە بوونەتە سەمبول و هێمای بەرخودان بۆ سەرجەم پیاوان و ژنانی ئازادیخواز، ئەوان گیان و ماڵی خۆیان فیدای خزمەت بە بەرژەوەندی گشتیی كردووە.

لەناو لیستی رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنووردا ناوی \"ئودون تات\" لە كامبۆج وەكوو لاوترین و محەممەد زیائەدین لە پاكستان وەكوو بەتەمەنترین كەس هاتووە.

عەدنان حەسەن‌پوور لەحاڵی حازردا لەزیندانی مەریوان لەحاڵی تێپەڕاندنی حوكمەكەی دایە و بەپێشینەترین رۆژنامەنووسی دەستبەسەركراو لەئێران دێتە ئەژمار.

حەسەن‌پوور لەمانگی رێبەندانی ١٣٨٥ دەستبەسەر و دوای چەندین مانگ راگرتنی لە ژوورە تاكەكەسییەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە جۆزەردانی ١٣٨٦ لەدادگای ئینقلابی شاری مەریوان بەشێوەی نەهێنی دادگایی کرا و بەتاوانی هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی بە موحارب ناسێندراو و حوکمی لەسێدارەدانی بۆ برایەوە.

ئەو حوكمە دوای سێ‌مانگ لە لقی ٣٢‌ی دیوانی باڵای وڵاتەوە تاوتوێ‌و پێداچوونەوەیدا كرا و سەرەنجام پشتڕاست كرایەوە و دواتر پارێزەرەكانی عەدنان حەسەن‌پوور ( ساڵح نیكبەخت و سیروان هووشمەندی) بۆ جارێكی دیكە ئەو پەروەندەیەیان بۆ دیوانی باڵا گەڕاندەوە و حوكمی سێدارەكەی هەڵوەشێندرایەوە.

پەروەندەی ئەو رۆژنامەنووسە جارێكی دیكە لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە وەگەڕ خرایەوە و حوكمی ٣١ ساڵ زیندانیی تەعزیرییان بۆ بڕێیەوە و دواتر لە ئەنجامی ئێعترازی پارێزەرانی ئەو رۆژنامەنووسەدا، ئەو حوكمە بۆ ١٦ ساڵ زیندانی كردن كەم كرایەوە.

عەدنان حەسەن‌پوور لە یەكەم رۆژی دەستبەسەركردنەكەی هەتا ئێستا لەمافی مەرەخەسی بێبەریی بووە.

حوكمی لەسێدارەدانی ئەو رۆژنامەنووسە كوردە لەگەڵ ناڕەزایەتی كۆڕ و رێکخراوە نێودەوڵەتیەكانی وەکوو، رێکخراوەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی، هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، یەكیەتیی ئورووپا، ئەنجومەنی جیهانی قەڵەم و چالاكانی مافی مرۆڤ بەرەوڕوو بوویەوە.