عەدنان حەسەن‌پوور لە زیندانی زاهیدانەوە بۆ گرتووخانەی مەریوان گەڕێندرایەوە

13:59 - 1 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: عەدنان حەسەن‌پوور بە پێشینەترین رۆژنامەنووسی كوردی زیندانی كراو، پاش دوور خستنەوەی بۆ زیندانی زابۆڵ و دواتر رەوانە كردنی بۆ شاری زاهیدان، لەحاڵی حازردا بۆ زیندانی شاری مەریوان راگوێزراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و پشت بەستن بە سەرچاوەیەكی ئاگادار، دوای هەوڵ و ماندووبونێكی زۆری بنەماڵەی عەدنان حەسەن‌پوور، توانرا ئەو زیندانییە سیاسییە كوردە ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی ١‌ی بانەمەڕ جارێكی‌تر بهێنرێتەوە زیندانی مەریوان.

ماوەی زیاتر لە یەک مانگ لەمەوبەر ئەو رۆژنامەنووسە كوردە لە سەر بڕیاری بەرپرسی ئیتلاعاتی ئوستانی كوردستان لەزیندانی مەریوانەوە بۆ زیندانی شاری زابۆل لە ئوستانی سیستان و بەلووچێستان دوور خرابوویەوە و دواتر رەوانەی زیندانی شاری زاهیدان كرابوو.

ئەو ژۆژنامەنووسە کوردە ماوەی ١٥ رۆژ لە قەرەنتینەی زیندانی شاری زابۆل و ٥ رۆژیش لەقەرەنتینەی زیندانی شاری زاهیداندا راگیرابوو.

عەدنان حەسەن‌پوور مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٥ لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە.

ئەو حوكمە دوای ناڕەزایەتی و ئێعترازی ئەو رۆژنامەنووسە كوردە و پارێزەرەکەی، بۆ ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە و هەنووکە ماوەی نزیک بە ٨ ساڵ لە حوکمەکەی تێپەڕاندووە.