عەدنان حەسەن‌پوور دوای ٧ ساڵ دەستبەسەریی، لەمافە سەرەتاییەکانی بێبەرییە

15:34 - 3 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆنترین و بە پێشینەترین رۆژنامەنووسی بەندکراو لەئاستی ئێراندا، دوای تێپەڕینی ٧ ساڵ لەدەستبەسەرکردنی، لەمافە یاساییەکانی بێبەری کراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی قەزایی ـ ئەمنیەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەئوستانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی دژایەتیان لەگەڵ مەرەخسی عەدنان حەسەن پوور رۆژنامەنووسی کورد دەربڕیوە، رێگرییان لە چاوپێکەوتنی حوزووری لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها پێڕاگەیشتنی پزشکیشی لەدەرەوەی زیندان کردووە.

لەدوایین حاڵەتی ئەو رێگرییانەدا رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار لێپرسراوانی زیندانی ناوەندی سنە سەرەڕای دانی ئیزنی چاوپێکەوتن لەلایەن دادگاوە، رێگرییان لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە دەستبەسەرکراوە کرد.

عەدنان حەسەن پوور بەپێشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانییە و بێبەری کردنی لەمافی یاسایی مەرەخسی لەحاڵێکدایە کە ماوەی ٧ ساڵە لەگرتووخانەی ناوەندی شاری سنە لەحاڵی تێپەڕاندنی حوکمەکەی دایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی فشارەکان بۆ سەر ئەو رۆژنامەنووسە کوردە بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند، عەدنان حەسەن پوور بە بەردەوامی داوای راگواستنی بۆ گرتووخانەی هەمەدان و مەریوان کردووە، بەڵام ناوەندە ئەمنیەتیی ـ قەزاییەکان لەگەڵ داواکارییەکەی دژایەتیان کردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو،\" عەدنان بە دەست چەندین نەخۆشی وەکوو رێخۆڵە و نەخۆشی پووک و ددانەوە دەناڵێنێ‌و دۆخی تەندروستی زۆر نالەبارە\".

هەتا ئێستا سەرەڕای بڕیاری پزیشکەکان لەپێوەندیی چارەسەیی حەسەن پوور لە دەرەوەی زیندان، لێپرسراوانی قەزایی ـ ئەمنیەتی رێگرییان لەو بڕیارە کردووە.

رێگری ناوەندە قەزایی ـ ئەمنیەتییەکان لە مەرەخسی عەدنان حەسەن پوور و داواکاریی بنەماڵەکەشی بەمەبەستی چاوپێکەوتن و مافی کەڵک وەرگرتن لە مەرەخسی لەحاڵێکدایە کە دەوڵەتی \"تدبیر و امید\"‌ی حەسەن رووحانی جەختی لەسەر کرانەوەی کەش و هەوای سیاسیی ـ فەرهەنگی ئێران کردووە و لەکاتی سەردانی بۆ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ژمارەیەک رۆژنامەنووسی غەیری کورد لەزیندان ئازاد کران، بەڵام دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی کورد هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە و وەک خۆی ماوەتەوە.