عەدنان حەسەن‌پوور دوای ٨ ساڵ دەستبەسەریی توانی لەدەرەوەی زیندان چاوی بە بنەماڵەكەی بكەوێ‌

15:19 - 28 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: بە پێشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانی كراو لەئێران دوای تێپەڕینی ٨ ساڵ لە دەستبەسەریی، سەرەئەنجام ئیزنی مەرەخەسی پێدرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عەدنان حەسەن پوور رۆژنامەنووسی كوردی خەڵكی شاری مەریوان رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢٧‌ی رەزبەر توانیویەتی لە مافی مەرەخەسی كەڵك وەربگرێت و لەدەرەوەی تێڵ دروو و دیوارەكانی زیندان چاوی بە بنەماڵەكەی بكەوێ‌.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە ماوەی مەرەخەسی عەدنان نەزانراوە، بەڵام لەماوەی ئەو ٨ ساڵەدا ناوەندە قەزایی ـ ئەمنیەتییەكان لەمافی مەرەخەسی بێبەرییان كردبوو.

حەسەن پوور لەماوەی دەستبەسەركرانیدا چەندین جار بە بێ‌هۆكارێكی روون بۆ زیندانەكانی ئێران راگوێزرا و لەدوایین حاڵەتیشدا مانگی رێبەندانی ١٣٩٢بۆ زیندانی ناوەندی زابۆل كە ١٨٠٠ كیلۆمیتر لەگەڵ زێدی خۆی مەودای هەبوو، دوور خرابوویەوە.

دوور خستنەوەی عەدنان بۆ زیندانی زابۆل لەحاڵێكدابوو كە چەند رۆژ پێشتر( رێبەندانی ٩٢) لەزیندانی شاری سنەوە بۆ زیندانی شاری مەریوان راگوێزرابوو.

عەدنان حەسەن پوور لەرێكەوتی ٥ی رێبەندانی ١٣٨٥ دەستبەسەر و دوای چەندین مانگ راگیران لە ژوورە تاكەكەسییەكانی ئیدارەی ئیتلاعات، رێكەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ٨٦ لەشاری مەریوان دادگایی كرا و بە تۆمەتی \"هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی\" بە \"محارب\" لەقەڵەم درا و حوكمی لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپا.

حوكمی سێدارەی ئەو رۆژنامەنووسە لەگەڵ ئێعترازی ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی وەك: \"رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، یەكیەتیی ئورووپا، ئەنجومەنی جیهانی قەڵەم و چالاكانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران و دەرەوە\" بەڕەڕوو بوویەوە.

عەدنان حەسەن پوور جارێكی دیكە لەرێكەوتی ١٦ی خەرمانان و ١١ی رێبەندانی ساڵی ١٣٨٧ بە شێوەی نهێنی لە دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری سنە دادگایی كرایەوە و لەوێدا حوكمی ٣١ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە و ئەو حوكمە لەئەنجانی ئێعترازی پارێزەرەكانی ( ساڵح نیكبەخت و سیروان هوشمەندی) لەدادگای پێداچوونەوەدا بۆ ١٦ ساڵ زیندانیی كەم كرایەوە.