عەدنان حەسەن‌پوور بۆ زیندانی شاری مەریوان راگوێزرا

13:20 - 5 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: عەدنان حەسەن‌پوور رۆژنامەنووسی کوردی دەستبەسەرکراو دوای ٧ ساڵ، لەزیندانی ناوەندی شاری سنەوە بۆ زیندانی شاری مەریوان راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٣‌ی رێبەندان ، عەدنان حەسەن‌پوور بەپێشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانی، دوای تێپەڕاندنی ٧ ساڵ لەحوکمەکەی و بێ‌هیچ ئاگادارییەک لە زیندانی ناوەندی شاری سنەوە بۆ زیندانی شاری مەریوان راگوێزراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەگەری ئەوە هەیە ئەو رۆژنامەنووسە کوردە بە ماوەیەکی کاتی بۆ زیندانی مەریوان راگوێزرابێ‌و ئەگەری دوورخرانەوەشی بۆ زیندانێکی دیکە چاوەڕوان دەکرێت.

پێشتر \"لەیلی حەسەن پوور\" خوشکی عەدنان بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاندبوو، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣٠‌ی بەفرانبار بەرپرسانی زیندانی سنە سەرەڕای ئیزنی دادگا لەمەڕ مەلاقاتی حوزووری، رێگرییان لەچاوپێکەوتی ئەو رۆژنامەنووسە لەگەڵ بنەماڵەکی کردبوو، هەروەها لەدرێژەدا وتیشی: عەدنان بە بەردەوامی داوای مەرەخسی و گواستنەوەی بۆ زیندانی هەمەدان یان مەریوانی کردووە، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن ناوەندە قەزایی ـ ئەمنییەکانەوە رەت کراوەتەوە و فشارەکان بۆ سەر ئەو رۆژنامەنووسە رووی لەزیاد بوون کردووە.

بێبەری کردنی عەدنان حەسەن پوور لە کەڵک وەرگرتنی یاسای لەمافی مەرەخسی لەحاڵێکدایە کە ئەو هاووڵاتییە کوردە ماوەی ٧ ساڵە لەزیندان دایە.

عەدنان حەسەن پوور لە رێکەوتی ٥ی رێبەندانی ١٣٨٥ دەستبەسەر و دوای چەندین مانگ راگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، رێکەوتی ٢٢ی جۆزوردانی ٨٦ لە شاری مەریوان دادگایی کراو بە تۆمەتی \"هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی\" بە \"محارب\" لەقەڵەم درا و حوکمی لەسێدارە درانی بەسەردا سەپا.

ئەو حوکمە رێکەوتی ٢٦‌ی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ بە یەکێک لەپارێزەرەکانی راگەیەندرا و دوای تێپەڕینی سێ‌مانگ لەو حوکمە، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

دوابەداوی تەئیدی ئەو حوکمە پارێزەرەکانی ( ساڵح نیکبەخت و سیروان هوشمەندی) خوازیاری پێداچوونەوە بەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات بوون و لە لقێکی دیکەی ئەو دیوانە حوکمی سێدارەی عەدنان هەڵوەشێندرایەوە.

حوکمی سێدارەی ئەو رۆژنامەنووسە لەگەڵ ئێعترازی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک: \"رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، یەکیەتیی ئورووپا، ئەنجومەنی جیهانی قەڵەم و چالاکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆیی ئێران و دەرەوە\" بەڕەڕوو بوویەوە.

عەدنان حەسەن پوور جارێکی دیکە لە رێکەوتی ١٦ی خەرمانان و ١١ی رێبەندانی ساڵی ١٣٨٧ بە شێوەی نهێنی لە دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری سنە دادگایی کرایەوە و لەوێدا حوکمی ٣١ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە و ئەو حوکمە لەئەنجانی ئێعترازی پارێزەرەکانی لەدادگای پێداچوونەوەدا بۆ ١٦ ساڵ زیندانیی کەم کرایەوە.

عەدنان لەکاتی دەستبەسەر کرانیەوە هەتا ئێستا بۆ یەک رۆژیش ئیزنی مەرەخەسی پێنەدراوە.