عەدنان حەسەن پوور بۆ زیندانێک لە بەلووچستان دوور خرایەوە

13:33 - 3 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: بە پێشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانی کراو لە ئێران بەبێ بڕیاری دەزگای دادوەری، بۆ زیندانی ناوەندیی زابول دوور خرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی ٢٨ی رێبەندان ناوەندە ئەمنییەکانی ئوستانی کوردستان، (عەدنان حەسەن‌پوور)یان، لە زیندانی شاری مەریوانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی زابۆل دوور خستەوە.

شاری زابول لە ئوستانی سیستان و بەلووچستان و بە مەودای ١٨٠٠ کیلۆمیتر لە شاری مەریوان، زێدی ئەو رۆژنامەنووسە کوردەوە، دوورە.

دەگوترێت، بە پێشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانی لە ئێران، بەبێ بڕیاری دەزگای دادوەری بووە و تەنیا بەهۆی دەستێوەردان و بڕیاری هێزە ئەمنییەکان، عەدنان حەسەن‌پوور بۆ زیندانی زابول دوور خراوەتەوە.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە پاش حەوت ساڵ، لە زیندانی شاری سنەوە بۆ زیندانی شاری مەریوان راگوێزرا.

ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە زاری موختار زارعییەوە رایگەیاند؛ بە سەرنجدان بەوەیکە دادگا ناتوانێ بەبێ ئامادەبوونی کەسی تۆمەتبار و پارێزەرەکەی وەها بڕیارێک دەربکات، پێدەچێت بڕیاری راگواستنی عەدنان حەسەن‌پوور لەژێر فشاری دەزگا ئەمنییەکاندا بووبیت.

هەروەها موختار زارعی کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆسییەی عەدنان حەسەن‌پوور دەکات، دەشڵێت: بە ئەگەری زۆر عەدنان حەسەن‌پوور بەهۆی ئەوە نامەیەی کەلە زیندانەوە بۆ حەسن رۆحانی نووسیبوو، بڕیاری دوور خرانەوەی بۆ زیندانی زابول درابێت.

عەدنان حەسەن‌پوور لە نامەیەکدا بۆ حەسەن رۆحانی کەلە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژدا بڵاوی کردەوە؛ رەخنەی لە شێوەی هەڵسووکەوتی دەزگا ئەمنییەکان لە کوردستان گرتبوو و بە سەرنجدان بە رۆڵی بەرچاوی ئەو ناوەندانە لە داڕشتنی سیاسەتی بنچینەیی حکوومەتدا، هەر چەشنە وەرچەرخان و گۆرانکاری لە چۆنیەتیی هەڵسووکەوتی ئەوانەدا پاشهاتی یەکجار گرینگی بە دواوە دەبێت و تێکڕای رەهەندەکانی ژیانی هاووڵاتییان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆی. بە واتایەکی دیکەهەر چەشنە بڕیار و سیاسەتێک لە پەیوەندی لەگەڵ کوردستان، لە سەر بڕیاری ناوەندە ئەمنییەکاندا دەبێت، کەوابوو رەخنەگرتن لە چۆنیەتیی کارکردی ئەو ناوەندانە بە واتای شڕۆڤەکردنی چۆنیەتیی پلانی سیاسییەکانی دەسەڵات حاکم لە کوردستان دایە.

عەدنان حەسەن‌پوور سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٥ لە شاری سنە دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر پاش پرۆسیەکی دوور و درێژ حوکمی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە بۆ ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە و هەنووکە لە زینداندا لەحاڵی تێپەڕاندنی حوکمەکەی دایە.