عەدنان بەرزەنجی لەسەر کەسایەتیی \"پیاوی حەوت هونەر\" ئەدوێت

15:43 - 1 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: عەباس کەمەندی پاش نزیک بە ٤٠ ساڵ کاری بێژەری، دووبلاژ، دەرهێنەری، ئاماەكار، ئەكتەری، نووسین، لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

عەدنان بەرزەنجی لە لیدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا لەسەر کەسایەتیی عەباس کەمەندی دەڵێت: مامۆستا عەباس کەمەندی هەموو بەهرە و توانای لە پێناو کۆمەڵگەی خۆیدا بوو کە بە بەرهەمەکانی بە سەرتاسەری کوردستان، (لە ناوچەی کەلهوڕەوە هەتا ناوچەی بادینان‌دا دەیڕوانی)، بۆیە ئەمە تایبەتمەندییەکی مەزنە و بە دڵنیاییەوە هونەرمەندێکی میللیی کورد بوو.

\"20094.jpg\"
عەدنان بەرزەنجی، نووسەری کورد
دەشڵێت: عەباس کەمەندی خاوەن سەبک و شێوازێکی تایبەتی بوو، ئەو تەنیا زەوقی بە کارەکەی نەبوو، بەڵکوو زانستی لەسەر کارەکەی هەبوو، کە ئەمە کاریگەرییەکی ئێجگار زۆر و بەهێزی لەسەر هونەر بەگشتی و مۆسیقای کوردی هەیە.

بەرزەنجی بەرهەم و کارەکانی عەباس کەمەندی بە قوتابخانەیەکی مەزن و دەوڵەمەند بۆ نەتەوەی کورد وەسف دەکات و دەڵێت: دەکرێ خوێندکارانی کورد لە بواری مۆسیقادا دەیان تێزی ماستەر و دوکتورا لەسەر کار و بەرهەمەکەکانی مامۆستا بنووسن.

ئەو نووسەرە کوردە ئەوەشی خستەروو، مامۆستا عەباس کەمەندی چەندین کتێبی ئامادەی چاپ بوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی دەرفەت نەکرا لە چاپیان بدات.

بە بڕوای شارەزایانی ئەدەب و مۆسیقای کوردی، عەباس كەمەندی، لە بوارەكانی فەرهەنگ و هونەری نەتەوەكەماندا خزمەتێكی زۆری گۆرانی و مۆسیقای كوردی كردووە و رۆڵ و شوێندانەریی درەوشاوەی زێرینی لە پانتایی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردستاندا هەبووە.

\"20095.jpg\"
عەباس كەمەندی ساڵی ١٣٣١ لە گەڕەكی \"جەورئاوا\"ی شاری سنە لەدایک بووە و جیا لە كاری مامۆستایەتی زۆرینەی هونەرەكانی تاقی كردۆتەوە و هەتا رادەیەكیش تێیاندا سەركەوتوو بووە، هەر بەم هۆیەوە بە \"پیاوی حەوت هونەر\"ناسراوە.

عەباس کەمەندی یەكێک لە دەنگە رەسەن و سێحراوی و دەگمەنەكانی كوردبوو، کە لە بواری هۆنینەوەی شێعریشدا دەستێكی باڵای هەبوو، کە كاری زۆرینەی ئاواز و مۆسیقاییەکانی هی خۆی بوون و لە ماوەی تەمەنی هونەریی خۆیدا گەلێک كاری لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی لەبارەی مۆسیقا، فەرهەنگ و فۆلكلۆری كورد و بەتایبەت دەڤەری هەورامان ئەنجام داوە و لە کۆتاییەکانی تەمەنیشیدا سەرقاڵی نووسینی رۆمانێكی گەورە بوو، کە هەتا ئێستا هیچکام لە بەرهەمەکانی چاپ و بڵاو نەكراونەتەوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە، لەلایەن ئەنجومەنی رێزگرتن لە ناوەدرانی کوردەوە رێزی لێگیرا و هەروەها ساڵی ٢٠١١ و لە سێزدەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی محەمەدی ماملێ‌دا، لەلایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌وە لە شاری هەولێر خەڵاتی ئەو مەڵبەنەدەی پێ بەخشرا، کە بەهۆی نەخۆشییەوە کەمەندی نەیتوانی بەشداری رێوڕەسمەکە بێت.