عەتارییەکانی کرماشان بوونەتە شوێنی فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان

15:30 - 12 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: عەتارییەکانی شاری کرماشان لە ڕێڕەوی کاری خۆیان لایان داوە و بە جێگای فرۆشتنی دەوا و دەرمان خەریکی فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکانن و تەندروستی کۆمەڵگا دەخەنە مەترسییەوە.

هەواڵدەریی\"ئیسنا\"ی کرماشان لە زاری جێگری زانکۆی علوم پزیشکی پارێزگای کرماشان بە نیسبەت هەڵسووکەوتی هێندێک لە عەتارییەکانی ئەو شارە لە بیاڤی فرۆشتنی ماددەی سڕکەر هوشداری دا.

ئومید عەبدی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: بەداخەوە ئەو ناوەندە بێهداشتییانە لە کردەی سەرەکی خۆیان کە بریتییە دانی گیا دەرمانییەکان لایان داوە و بەرەو بەرهەمی ماددەی سڕکەر بە تایبەتی شیشە چوون.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها گوتوویەتی: لەکاتێکدا لە سەدا ٥٠ی خاوەن عەتارییەکان خوێندنی زانکۆیان تەواو نەکردووە، خەریکی دانی دەوا و دەرمانن.

جێگری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری کرماشان ئەوەشی خستەڕوو، ویترینی عەتارییەکان دەواو دەرمانی گیایین، بەڵام لە پشتەوە جۆرەها ماددەی سڕکەر هەیە و شایەتی تێکەڵکردنی شیشە و ماددەی ڕەوانگەردانن و لەلایەن عەتارییەکان وەکوو دەوا و دەرمانی کز بوون و قەڵەو بوون دەدرێت بە خەڵک.

ئومید عەبدی بە ئاماژە کردن بە دۆسیەی لە سەدا ٥٠ عەتارەکانی دراونەتە شوێنە قەزاییەکان ڕاگەیاند: تەنیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٨٠ عەتاری نایاسایی پلۆمپ کراون.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: تەنانەت هێندێک لە ڕاهێنەرە وەرزشییەکان کە خوێندنی سیکل یان تەواو نەکردووە بۆ لاوان\"داروهای سلامت محور\" دەنووسن کە بەکاربردنی ئەو جۆرە دەوا و دەرمانانە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی جەڵتەی دڵ، منداڵ نەبوون و نەخۆشییەکانی دیکە.

بەرپرسەی زانکۆی علوم پزیشکی ساڵی رابردووش ڕایگەیاندبوو، بەداخەوە عەتارییەکان زۆرتر بۆ لای فرۆشتنی ماددەی سڕکەر دەچن و لە کرداری سەرەکی خۆیان لایان داوە و تەواوی بەڵگەکان ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن.