عەتا ڕەحمانزادە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا

16:17 - 1 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەتا (شەماڵ) ڕەحمانزادە" خەڵکی سەقز، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"  بە ١١ مانگ زیندان مەحکووم و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابووەوە.

عەتا (شەماڵ) ڕەحمانزادە، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ۲ی ڕێبەندانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە لە ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سووکایەتیکردنی دەنگوڕەنگی حکوومەتی ئێران بە جلوبەرگی کوردی، لە مەیدانی "هەڵۆ"ی سەقز بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادە بوو کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە مانگی بانەمەڕی ۹۷، لە لقی ۱ی دادگای ئینقلابی سەقز بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام"، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و لە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی"، بێتاوان ناسرابوو.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو هاووڵاتییە بە حوکمە داسەپاوەکەی، ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری گۆڕدرا و پشتڕاست کرابووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ۲۷ی بەفرانباری ۹۷، عەتا ڕەحمانزادە بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ٤ی ڕەزبەری ۹٦، پاش بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کرابوو.

ناوبراو پاش یەک مانگ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتەی ۷۰ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سەقز بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.