عەبدوڵڵا چاوەشی بە کۆتایی ماوەی زیندانیبوونەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا

16:07 - 25 رەشەمه 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدوڵڵا چاوەشی" خەڵکی گوندی "حاجی لەک" سەر بە ناوچەی "چۆمی مەجیدخانـ"ـی بۆکان، بە کۆتایی ماوەی زیندانیبوونەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، ئەو هونەرمەندە هاتبووە مەرەخەسی و ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان، بە کۆتایی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی بۆکان.

پێشتر عەبدوڵڵا چاوەشی، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان، بە تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام"، بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا کە ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێدا بۆ ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی عەبدوڵڵا چاوەشی و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو. ئەو هونەرمەندە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.