عەبدولواحید عەباسی‌زادە لە زیندانی بانە ئازاد کرا

11:58 - 6 جۆزەردان 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدولواحید عەباسی‌زادە" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عوسمان، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکی لە زیندانی بانە ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی بانەمەڕ، ئەو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی بانە ناساند.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقز، جێگیر لە بانە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەکبەر میرزایی" بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خاکەلێوە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز جێگیر لە شاری بانە بەڕێوە چووبوو.

دادگا جێبەجێکردنی سزای دوو مانگ زیندانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵپسارد و بڕیاری هەڵپساردنی جێبەجێکردنی دوو مانگ سزای زیندانی ناوبراو دەبێ لەژێر چاوەدێریدا بێت و عەبدولواحید عەباسی‌زادە لە ماوەی ئەو هەڵپساردنەدا، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە بناسێنێت.

عەبدولواحید عەباسی‌زادە خەڵکی گوندی "کەوپێچی خواروو"ی شاری بانە، ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.