عەبدولواحید عەباسی‌زادە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی بانە ناساند

13:08 - 24 بانەمەڕ 2722

ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەک بە ناوی "عەبدولواحید عەباسی‌زادە" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عوسمان، بۆ جیبەجێکردنی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی بانە ناساند.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقز، جێگیر لە بانە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەکبەر میرزایی" بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خاکەلێوە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز جێگیر لە شاری بانە بەڕێوە چووبوو.

عەبدولواحید عەباسی‌زادە خەڵکی گوندی "کەوپێچی خواروو"ی شاری بانە، ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.