عەبدولحەمید میربەلووچ زەهی، ئێعدام کرا

11:35 - 6 بەفرانبار 2720

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٦ی بەفرانبار، "عەبدولحەمید میربەلووچ زەهی" تەمەن ٣٠ کوڕی داد ڕەحیم، ناسراو بە "ئۆوویس" ئەندامی ڕێکخراوی جەیشولعەدل، لە زیندانی زاهیدان ئێعدام کرا.

ناوەندەیی میدیایی هێزی قەزاییە هەواڵی ئێعدامکردنی ئەو ئەندامەی "جەیشولعەدلـ"ـی، پشتڕاست کردووەتەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، عەبدولحەمید میربەلووچ زەهی ، ساڵ ٩٤ بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی سپای پاسداران لە شاخەکانی "بیرک"، ئێعدام کراوە.

ناوەندیی میدیایی هێزی قەزاییە هەروەها نووسیوویەتی: پاش پشتڕاست کردنەوەی حوکمی لە سێدارەدانی ئەو ئەندامەی جەیشولعەدل، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، ئەمڕۆ حوکمی لەسێدارەدانی لە زیندانی زاهیدان جێبەجێ کرا.

ئەو هاووڵاتییە بەلووچە، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٤، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات، لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، ڕەوانەی زیندانی "دۆزاپ" کرا و مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٦،  لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلاب،  بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم و پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بەو حوکمە، لە دۆسییەیەکی دیکە، بە تۆمەتی "مـوحاربە" لە ڕێگای هێرش بۆ سەر پۆلیس، بە ئێعدام مەحکووم کرا.