عۆسمان موزەیەن: بونیادی شەهید و کاروباری ئیسارگەران، دژایەتی ناساندنی قوربانییانی تەقینەوەی مین وەکوو شەهید یان کەمئەندام دەکات

17:18 - 15 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی پلەی یەکی دادگوستەری، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی قوربانییانی مین لە کوردستان، لە کۆمیسیونی ماددەی ٢ بوو.

عۆسمان مەزەیەن، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەخنەی لە پێشێلکردنی ئەو یاسایانەی کە چاوەدێری بە سەر قوربانییانی مین دەکات گرتووە.
هاوکات ناوبراو ئەو بێسەرەوبەرەیانەی کۆمیسیونییەکانی ماددەی ٢ی فەرمانداری؛ لە پێڕاگەیشتن بە حقووقی بەرکەوتووانی مینی، ڕوون کردەوە.

ئەو پارێزەرە کوردە دەڵێت: \"بەپێی یاسا کاتێک کەسێک بە هۆی تەقینەوی مین گیانی لە دەست دەدات یان بریندار و کەمئەندام دەبێت، دەبێت دۆسیەی ئەو کەسە لە کۆمیسیونی فەرماندارییەکان، کۆمیسیونی تایبەت بە ماددەی ٢ بخرێتە بەر باس\".

موزەیەن سەبارەت بە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی قوربانییانی مین ڕایگەیاندووە: \"بونیادی شەهید و کاروباری ئیسارگەران، بەڵگەی دۆسیەیەکان کۆ دەکاتەوە و ڕادەستی کۆمیسیونی دەکات، بەڵام کێشەی هەنووکەیی ئەوەیکە قوربانییانی مین که لە ناوچە کوردستانییەکان، هەیانە، زۆربەی دۆسیەیەکان دە ساڵ، بیست ساڵ یان زۆرتر لەو کۆمیسیونە دەبێت و دۆخی کەسی قوربانی ڕوونە و هۆکاری جۆراجۆریش بۆ ئەم پرسە بوونی هەیە\".

ناوبرا، لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، پڕژاەتە سەر دۆسیەی تایبەت بە قوربانییانی مین لە کوردستان و ڕایگەیاند: \"کۆمیسیونی ماددەی ٢ موڵەت و کاتیان سەبارەت بە لێدوان لەسەر ڕووداوی مین نییە. ئەگەر لە یاسادا موڵەتێک دیاری بکرێت، دەبێت بونیادی شەهید و کاروباری ئیسارگەران لە ماوەی دوو مانگدا، بەڵگەی دۆسیەکان تەواو بکات و هەم کۆمیسیۆنیش لە ماوەی سێ یان چوار مانگ، نەزەر و بیروڕای خۆیان لە سەر ئەو دۆسیانە بدەن و لانیکەم ئەو دۆسیانە کەمتر لە شەش مانگ بە ئاکام دەگات.

هەروها عۆسمان مۆزەیەن دەڵێت: بونیادی شەهید و کاروباری ئیسارگەران، دژایەتی ناساندنی قوربانییانی تەقینەوەی مین وەکوو شەهید یان کەمئەندام دەکات.

لە ساڵی ٩٧، لە کۆی ٥٤ هاووڵاتی کورد کە بە هۆی تەقینەوەی مین کوژرا و بریندار بوون، تەمەن دوو کەس لە قوربانیانی مین، لەژێر تەمەنی ١٨ ساڵ بووە.

هەروەها، سێ سەرباز بە تەقینەوەی مین لە کوردستان کوژرا و بریندار بوون و لە کۆی ئەو ٥٤ کەس، چوار ژنیش لە نێو کوژرا و برینداربووان، بەرچاو دەکەوێت.