عۆسمان مستەفاپوور پێشنیاری لێخۆشبوونی دادستانی ورمێی ڕەت کردەوە

20:13 - 8 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بە پێشینەترین زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، پێشنیاری لێخۆشبوونی دادستانی شاری ورمێی ڕەت کردەوە و داواکاری مورەخەسی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عۆسمان مستەفاپوور، بە پێشینەترین زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، پێشنیاری لێخۆشبوونی دادستانی ئەو شارەی ڕەت کردەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە کوردە دوو مانگ پێش لە نامەیەکدا بۆ دادستانی شاری ورمێ، داوای مورەخەسی کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: چەند ڕۆژ پێش، عۆسمان مستەفاپوور، بانگهێشتی نووسینگەی دادستانی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ کراوە و دادستانی داوای لە ناوبراو کردووە کە بە جێگای مورەخەسی پەڕەی لێخۆشبوون واژۆ بکات.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە لە واژۆ کردنی بەڵگەی لێبوردن و لێخۆشبوون خۆی بواردووە و گوتوویەتی، من تووشی هیچ کردەوەیەک نەبووم هەتا ئەو بەڵگەیە واژۆ و داوای پەشیمانی بکەم.

پێشتر، پارەێزەرانی ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە داوایان لە کۆمیسیونی لێبوردن و لێخۆشبوونی \"بریگرتەکە\" کردبوو، کە ئەو داواکارییە لە لایەن کۆمیسیونی ئاماژە بۆ کراوەوە ڕەت کرابوویەوە.

ئەو زیندانی سیاسیی کورد خەڵکی شاری پیرانشار لە مافی ئازادی مەرجدار و مورەخەسی بێبەشە.

ئەو چالاکە سیاسیە کوردە پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەی\"تەرگەوەڕ\"ی شاری ورمێ دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی \"ئەندامبوونی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون\"ی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی پاش ٢٣ ساڵ دەستبەسەری، لقی یەکەی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر \"چابۆک\" حوکمی زیندانی عۆسمان مستەفاپووری بۆ ٣٥ ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕی. دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسدران بڕیوەتەوە.

عۆسمان لە ماوەی زیندانی بوونی لە مافی مورەخەسی بێبەش بووە و دەزگای قەزایی و ناوەندی ئەمنیەتی، تەنانەت ئیزنی بەشداری لە گیان لە دەستدانی نزیکەکانی پێ نەداوە.

عۆسمان مستەفاپوور ساڵی ٩٠ی هەتاوی لە ڕەنجنامەیەکدا بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوەدێری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای جیهانی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكان و ویژدانە بەخەوەرەكانی سەرانسەری دونیا داوا دەکات كە بە لێكۆڵینەوە كردن لەبارەی ڕەوتی دادگایی و بە فیڕۆچوونی بیست ساڵ لە تەمەن و لاویەتیی لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا ئیزن نەدەن كە لاوانی دیكەی ئەم نیشتمانە بەم چەشنە سەردەمی لاویەتییان بەهۆی ئیدیعا و بانگەشە بە فیڕۆ بچێت.