عومەر ئیمامی پاش ١٩ ساڵ زیندانی مەرەخەسیی پێدرا+وێنە

17:58 - 27 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: عومەر ئیمامی زیندانیی سیاسیی کورد، کە بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دراوەو نیوەی تەمەنی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامییدا تێپەڕ کردووە، بە دانانی بارمتەیەکی قورس مەرەخەسیی پێدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عومەر ئیمامی کە ساڵی ١٣٧٥ و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستبەسەر و دواتر بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم درا، سەرئەنجام پاش ١٩ ساڵ زیندانی، مافی مەرەخەسیی پێدرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری جوانڕۆ رایگەیاند، ئەو زیندانییە کوردە بە دانانی ٢٥٠ ملوێن تمەن بارمتە و بۆ ماوەی یەک حەفتە مەرەخەسیی پێدراوە.

\"23215.jpg\"
عومەر ئیمامی بە دانانی بارمتەیەکی قورس مەرەخەسیی پێدرا
عومەر ئیمامی کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی، زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، هاوڕێ لەگەڵ سێ زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد بەناوەکانی والی دروودی، عەلی ساڵحی و محەمەد مورادی لە زیندانی یەزد راگیراون.

ئەو چوا زیندانییە کوردە کە بە یەکەوە دەستبەسەر کراون و دۆسیەیەکی هاوبەشیان هەیە، لەماوەی ١٩ ساڵی رابردوودا مافی چوونە مەرەخەسییان پێنەدراوە.

عومەر ئیمامی، تەمەن ٣٦ ساڵ، کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی \"کڵاش\"ی سەربە شاری جوانڕۆ لە ئوستانی کرماشانە.

بە گوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئیمامی، عومەر ئیمامی پاش مانگێک کە گیان لەدەست دانی برایەکه‌ی ، مافی چوونە مەرەخەسیی پێدراوە.
\"23216.jpg\"

\"23217.jpg\"