عومەر شەریفی بۆکانی زیندانیی سیاسیی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کرا

10:54 - 21 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، عومەر شەریفی بۆکانی زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بۆکان و دانیشتووی شاری تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٧٠ ساڵەیە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە پێشووە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

عومەر شەریفی بۆکانی ساڵی ٧١ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ٧ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ساڵی ٧٨ی هەتاوی پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ناوبراو، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.