عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:41 - 20 بانەمەڕ 2722

دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ، "عوسمان ئیسماعیلی" چالاکی کرێکاری پاش ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری، بە دانانی بارمتە لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە بە دانانی بارمتەی ١٤٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سەقز ئازاد کراوە.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە کرێکارییە، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی بیروڕای گشتی" ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، ئەو چالاکە کرێکارییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

دەسبەسەرکردنی عوسمان ئیسماعیلی لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران بووە و ناوبراو مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز، لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسرابوو.