عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاری بانگهێشتی دادگای ئینقلابی سەقز کرا

17:53 - 11 جۆزەردان 2722

ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی جۆزەردان، "عوسمان ئیسماعیلی" چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی ئەو شارە کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە بانگهێشتنامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان بۆی نێردرابوو، بە تۆمەتی "تێکدانی بیروڕای گشتی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگهێشتی دادگای ئینقلابی سەقز کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ، عوسمان ئیسماعیلی بە دانانی بارمتەی ١٤٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سەقز ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرابوو.

دەسبەسەرکردنی عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاری لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ڕووی داوە و ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز، لە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسێندرابوو.