عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی لە زیندانی سەقز ئازاد کران

10:57 - 20 جۆزەردان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی جۆزەردان، عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش ٢٥ ڕۆژ لە مانەوەی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە لە زیندان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ڕۆژانە ١٠٠ هەزار تمەن لە سزای نەختییەکەیان کەم دەبووەوە، حوکمی ئازادیی مەحموود ساڵحی دەرکرا و بەپێی یاسا، ئەم چالاکە کرێکارییە پێنج ڕۆژ زیاتر لە زیندان ڕاگیڕاوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "لەماوەی ئەم ٢٥ ڕۆژەدا، ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن لە سزای نەختیی عوسمان ئیسماعیلی کەم بووەتەوە و ئەو بڕە پارەیەش کە لە سزاکەی ماوەتەوە خراوەتە حیسابی حکوومەت و لە زیندان ئازاد کرا".

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی جۆزەردان، لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز حوکمی سەرەتایی بەسەر عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، دوو چالاکی کرێکاریی ئەو شارە سەپاند.

بەپێی دادنامەی دادگا، "مەحموود ساڵحی"، تۆمەتباری ڕیزی یەکەم و "عوسمان ئیسماعیلی"، تۆمەتباری ڕیزی دووهەم، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" لە ڕێگەی کۆبوونەوەی نایاسایی لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار و گرتنی وێنە و بڵاوکردنەوەیان لە دنیای خوازەکیدا، بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ لە کتێبی پێنجەمی تەعزیرات و سزا پێشگیرانەکانی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٧٥، مەحموود ساڵحی، بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری و عوسمان ئیسماعیلی ، بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کران.

بە لەبەرچاوگرتنی بوونی داشکاندنی حوکم نووسراوە لە ماددەی ٣٨ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٩٢، بە پشتبەستن بە ماددەی ٦ی یاسای سزای زیندانیی تەعزیریی چاوەدێر بەسەر ماددەی ٣٧ی یاسای سزای ئیسلامی، ٣ مانگ زیندانیی مەحموود ساڵحی بۆ ٢٠ ملیۆن ڕیاڵ سزای نەختی و ٦ مانگ زیندانیی عوسمان ئیسماعیلی بۆ ٤٠ ملیۆن ڕیاڵ سزای نەختی گۆڕدرا.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان، کۆبوونەوەی دادگایی عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی (بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان لە دنیای خوازەکیی گرێدراو بە گرووپەکانی دژبەری نیزام)، بەڕێوەبردنی نایاسایی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و پڕۆپاگەندە دژی نیزام، بە شێوەی ویدیۆ کۆنفڕانس و ئانلاین لەنێو زینداندا، لەلایەن دادوەری لقی ئینقلابی دادگوستەریی سەقز بەڕێوە چوو.

ڕۆژی  دووشەممە ٣ی جۆزەردان، سەرەڕای دیاریکردنی کات و لقی کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، کۆبوونەوەی دادگاییەکەیان بەڕێوە نەچووبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز و سەپاندنی بارمتە بۆ ئازادیی کاتییان ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کران.