عوسمان ئیسماعیلی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە ڕاگوێزرا

16:55 - 30 رەزبەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی ڕەزبەر، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری، خەڵکی سەقز، پاش ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکەی لە لقی ۲ی لێپرسی ئەو شارە، ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ۲٨ی ڕەزبەر، ئەو چالاکە کرێکارییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییکانەوە لەبەردەم ماڵەکەیدا دەسبەسەر کرا.

بە وتەی مەحموود ساڵحی، چالاکی کرێکاری، هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکان، لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۲٨ی ڕەزبەر، شوێنی کار و ماڵی عوسمان ئیسماعیلییان لەژێر چاوەدێری دانابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە کرێکارییە، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.