عوسمان وەیسی هاووڵاتیی مەریوانی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا

12:15 - 10 بانەمەڕ 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عوسمان وەیسی" تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی "خواڕەحم" خەڵکی گوندی "گوڵچێر"ی شاری مەریوان، کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرابوو، بۆ نەشتەرگەری ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بڕیارە لە نەخۆشخانەی ورمێ نەشتەرگەریی سینگی بۆ بکرێت.

ڕۆژی سیشەممە ٦ی بانەمەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و بە گومانی پێبوونی شتومەکی قاچاخ، تەقەیان لەو هاووڵاتییە لە نزیک گوندی "حەسەن ئاوڵە"ی شاری مەریوان کردبوو.

عوسمان وەیسی سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی بوعەلیی شاری مەریوان و دواتر بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە ڕاگوێزرابوو.

عوسمان وەیسی خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.