عوسمان موزەیەن: کۆڵبەری میراتێک لە باوکەوە بۆ کوڕ

10:34 - 14 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی پلەی دادگوستەری لە نووسراوەیەکدا بە ئاماژەدان بە گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێک لە شاری سەردەشت، دژکردەوەی نیشان دا.

"عوسمان موزەیەن"، پارێزەرێکی پلەی دادگوستەری لە نووسراوەیەکدا، لەژێر ناوی "باوک و کوڕ کە گیانیان لەسەر کۆڵبەری دانا"، بە ئاماژەدان بە گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "پەیمان یووسفی" خەڵکی گوندی "دەرمانئاوێـ"ـی شاری سەردەشت، دژکردەوەی نیشان دا.

ڕۆژی هەینی، ١٠ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "پەیمان یووسفی"، خەڵکی گوندی "دەرمان ئاوێـ"ـی شاری سەردەشت، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێدا گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، ڕۆژی هەینی، ٨ی ڕەزبەر، لە شوێنێک بە ناوی "پلکان"، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێکرا و لە لایەن دانیشتووانی گوندی "بێتووشـ"ـی شاری سەردەشت، بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە ڕاگوێزرا و بەهۆی خراپیی بارودۆخی تەندروستییەکەی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرابوو.

لە بەشێکی ئەو نووسراوەی ئەو پارێزەرە کوردەدا هاتووە:

پەیمان یووسفی کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی گوندی دەرمانئاوێی شاری سەردەشت کە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ٩٧ لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە و پاش ٢٧ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، لە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەردا، گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەر بوو، چونکە هیچ ڕێگایەکی بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی شک نەدبرد و ناچار وەکوو خەڵکی دیکەی ئەو ناوچەیە ڕێگای کۆڵبەریی لە پێش گرت و لەو ڕێگایەشەوە گیانی لەدەست دا.

کۆڵبەری پیشە نییە و ناچاری و داسەپاوە.

بۆ ٣٠ ساڵ پێش بگەڕێینەوە و چاوی لێ بکەین کە باوکی "پەیمان" چ پیشەیەکی هەبووە و چۆن منداڵە ساواکانی بەبێ سەرپەرست و تەنیا بەجێ هێشت.

باوکی "پەیمان" ناوی "یووسف" بوو کە لە ساڵی ٦٨دا لە هەمان ناوچە خەریکی کۆڵبەری بوو. لەگەڵ دوو براکەی بە ناوەکانی "ساڵح و محەممەد" و ١٨ کۆڵبەری دیکە، بەهۆی هاتنی ڕنوو گیانی  لەدەست دا، واتە لەو ڕۆژەدا، ٢١ کۆڵبەری خەڵکی دەرمانئاوێ، گیانیان لەدەست دا.

کەسانێک کە ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری دەکەن، چارەنووسێکیان بێجگە لە مردن نییە، مردن بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان، بەربوونەوە لە بەرزایی، تەقینەوەی مین و هەتا دوایی.

ئەگەر هیچ کام لەو هۆکارانە هۆکاری گیانلەدەستدانی کۆڵبەران نەبن، بەدڵنیاییەوە، دوای چەند ساڵ کارکردن هێز و توانای کارکردنیان نامێنێت، یان کەمئەندام دەبن و لە سووچێکی ماڵ یان نەخۆشخانە ژیان تێدەپەڕێنن.

پەیمان کۆڵبەری لە باوکییەوە بە میرات بردبوو.

ئەمەیە چارەنووسی کۆڵبەران.