عوسمان موزەیەن: بەرپرسانی حکوومەتی دەبێت سزای بکوژی ئەسپی کاسبکاران بدەن

16:11 - 10 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی ناسراوی کورد، داوای لە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کردووە، بە جێگای کوشتنی ئەسپی کاسبکارن، ئەسپەکان بدزن، باشترە.

عوسمان موزەیەن، پارێزەری ناسراوی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی \"تێلگرام\" دژکردەوەی خۆی سەبارەت بە کوشتنی ئەسپی کاسبکاران دەربڕی.

ئەو پارێزەرە ناسراوەی کوردە دەڵێت: \"ئەو هێستر و ئەسپانە کە بە کۆمەڵ و لە نیهایەتی بێڕەحمیدا دەکوژێن، ئاژەڵگەکێکن کە لە خزمەت مرۆڤ دایە و کەرەستەیەکه بۆ هەڵگرتنی شتومەک و بەرهەمەکانی جووتیارانی کورد لە گوندەکان، بۆیه پاراستنی گیانیان جێگای ڕێزە\".

ناوبراو دەڵێت: \"هەر وەک ئەشکەنجەدەری سەگێگ یان ڕێوییەک بێجگە لەوەیکە کردەوەیەکی ناحەز و قیزەونە، ئەو تاوانبارە لە ئەخلاق بە دووره ، چاوەڕوان دەکرێت کە بکوژەرانی ئەسپ و هێستری کاسبکاران کە ماوە ماوە لە کوردستان بە کۆمەڵ یان بە تاک ڕوو دەدات، بناسرێن و لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە سزا بدرێن.

عوسمان موزەین لە درێژەدا دەڵێت: \"ئەو هێسترانە هەر وەک سەگ و ڕێوی ئاژەگەلێکن کە مافی ژیانیان هەیە و سەرەڕای ئەوە، خاوەنی بەهاییەکی ماڵین بۆ خاوەنەکەیان و بە کوشت چوونی ئەوان زیانێکی زۆر بە خاوەنەکانیان دەگەیەنێت\".

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە ئەسپی کاسبکارانی کورد، لە گوندەکانی \"میرئاوا و پێگەڵە\"ی شاری شنۆ لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە کوژران و لاشەکانیان لە مووچە و مەزرای خەڵک فڕێ دراوە.