"عوسمان مستەفاپوور"، کۆنترین زیندانیی سیاسی کورد، لە مافی مورەخەسیگرتن بێبەرییە

11:19 - 16 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆنترین زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی شاری ورمێدا، لە مافی مورەخەسیگرتن بێبەرییە.

"عوسمان مستەفاپوور"، کۆنترین زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لە مافی مورەخەسیگرتن بێبەرییە و هەتا ئێستا دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران بە دانی مورەخەسی بە ناوبراو، ڕەزامەندیی دەرنەبڕیوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ماوەی ٢٨ ساڵە بە بێ دانی مورەخەسی، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدایە.

مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، پاش دژایەتیکردنی لقی سێی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ لەگەڵ ئازادیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، "عوسمان موزەین"، پارێزەری دۆسیەی ناوبراو، بەنیسبەت ڕەزامەندیدەرنەبڕین و ڕانەگەیاندنی کۆتایی حوکمەکەی و پێشگرتن لە ئازادیی بریگرتەکەی، لە دادستانی گشتیی ئێران سکاڵای تۆمار کردووە.

داواکاریی کەمکردنەی سزاکەی، لێخۆشبوون و ئازادیی بێمەرجی ئەو زیندانییە سیاسییە، چەندین جار لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێوە ڕەت کراوەتەوە.

پێشتر، لقی سێی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ داواکاریی بێمەرجی "عوسمان مستەفاپوور"ی پاش ٢٧ ساڵ زیندانی، ڕەت کردبووەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٧٠، لە ناوچەی "تەڕگەوەڕ"ی ورمێ دەسبەسەر و دواتر بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی" حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا کە پاش پێشێلکردنی لە دیوانی باڵای وڵات، بە دوو زیندانیی ٢٥ ساڵ و ١٠ ساڵە گۆڕدرا.

دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەر "عوسمان مستەفاپوور"، بە هۆی شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداراندا سەپاند کە بە بڕوای پارێزەرەکانی، بەپێی یاسا دەبێ تەنیا یەک سزای بۆ دیاری بکرابا کە ئەویش سزای ئەشەدە و ئەو زیندانییە نەدەبا زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە زینداندابایە.

"عوسمان مستەفاپوور" ساڵی ٩٠ی هەتاوی لە ڕەنجنامەیەکدا بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوەدێریی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای جیهانی، لە هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكان و ویژدانە بەخەوەرەكانی سەرانسەری دونیا داوا دەکات كە بە لێكۆڵینەوەكردن لەبارەی ڕەوتی دادگایی و بەفیڕۆچوونی بیست ساڵ لە تەمەن و لاویەتیی لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا، ئیجازە نەدەن كە لاوانی دیكەی ئەم نیشتمانە بەم چەشنە، سەردەمی لاویەتییان بەهۆی ئیدیعا و بانگەشەوە بەفیڕۆ بچێت.