عاسیمە جەهانگیری لەبەرامبەر مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە ئێران هەڵویستی گرت

14:57 - 21 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیسبەت بارودۆخی لانیکەم هەشت زیندانی مانگرتوو بە تایبەت دوو چالاکی سیاسی کورد لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە جیددی نیگەرانی خۆی دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ بەفرانبار، دژکردەوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی عاسیمە جەهانگیری سەبارەت بە دۆخی زیندانییانی مانگرتوو لە ئێران لە ماڵپەڕی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی دایەوە.

لە نامەی ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، ئاماژەی بە ناوی ٨ کەس لە زیندانیان کە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا مانیان لە خواردن گرتووە بەرچاو دەکەوێت.

عاسیمە جەهانگیری کە لە ١٠ی سەرماوەزی ڕابردوو، ئەو ئەرکەی بە ئەستۆ گرتووە، لە هەمبەر کەسانی دەستبەسەر کراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانی دەربڕیووەو داوای ئازادی بێ ئەملاو ئەولاوی دەستبەسەر کراوە خۆسەرەکانی کردبوو.

ناوبراو ،هەروەها ئاماژەی بە ڕاگەیەندراوەکەی حەسەن رۆحانی کردبوو کە، مانگرتنی زیندانیان تەنیا چەند ڕۆژێک پاش واژۆ کردنی ئەو راگەیەندراوە روویداوە.

حەسەن ڕستگاری مەجەد، سەعید شێرزاد، محەممەد عەلی تاهیری، عەلی شەریعەتی، محەممەد ڕەزا نیکونام، مێهدی کۆخیان، نزاز زەکا و ئارش سادقی ناوی ئەو هەشت زیندانییەن کە لە نامەکەی عاسیمەدا ئاماژەی پێکراوە.

سەعید شێرزاد چالاکی سیاسی کورد لە ١٧ی سەرماوەزی رابردوو، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە دورینی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە کە ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی کێش و زەختی خوێن و لەگەڵ ئێشی گورچیلەش بەرەوڕوو بووەتەوە.

حەسەن ڕستگاری مەجەد، یەکێکی دیکە لە زیندانییانی کوردە کە زیاتر لە یەک مانگە لە زیندانی شاری ورمێ مانی لە خواردن گرتووە و چەند ڕۆژ پێش لە سەر بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواچوونی داواکارییەکەی مانگرتنەکەی شکاند.