عابید فەتاحی: زیندانییانی سیاسی ئازیزانی ئێمەن و رۆڵەی ئەم میللەتەن/ ئێمە بەپێی یاسا هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندانییان دەکەین

20:19 - 29 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ مانگێکی تێپەراند، بەرپرسانی حکوومەتی لەو پەیوەندییەدا هیچ هەوڵوێستێکیان نەنواندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢٨ زیندانیی سیاسیی کورد، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسان، تێکەڵکردنیان لەگەڵ زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددە هۆشبەرەکان و نەبوونی ئیمکانات لەو زیندانە و هەروەها راگواستیان بۆ بەندەکانی دیکەی نێو زیندان، ماوەی ٣١ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

بێڕێزی کردنی بەرپرس و مەئموورانی زیندانی ورمێ بە بنەماڵەی زینداییە سیاسییەکان لە کاتی ملقاتدا، یەکێکی دیکە لە هۆکاری مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی لە زیندانی ورمێ‌یە.

ئاژانسی کوردپا بۆ بەدواداچوونی پرسی زیندانیانی سیاسیی مانگرتووی کورد لە زیندانی ورمێ، لەگەڵ عابید فەتاحی نوێنەری مەجلیسی ئیسلامیی ئێران لە ورمێ دیمانەیەکی پێکهێناوە، کە تێایدا بەڵێنیی باس کردنی پرسی مانگرتوان ئەدات.

عابید فەتاحی لە وڵامی پرسیارێکدا کە هەڵوێستی خۆی لەسەر زیندانیانی سیاسیی مانگرتووی کورد چییە، رایگەیاند؛ \"من وەکوو نوێنەری خەڵکی ورمێ لەگەڵ بەرپرسی لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەم کردووە، کە هەموویان بەڵینیی بەدواداچوون و چارەسەر کردنیان داوە\".

هاوکات بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کورد، کە حەفتەی رابردووش ئیزنی چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆڵەکانیان لە زیندانی ورمێدا پێنەدرابوو، ئەمڕۆ شەممە بۆ جارێکی دیکەش بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆڵە مانگرتووەکانیان رێگرییان لێکرا.

فەتاحی لە وڵامی پرسیارێکی هەواڵنێری کوردپادا، کە هەتا ئێستا پرسی زیندانیانی لەگەڵ کام ناوەند هێناوەتە بەرباس کە بەدواداچوون بۆ داواکاریی زیندانیان بکرێ، گوتی؛ \"من لەگەڵ بەرپرسان قسەم کردووە، ئەگەر هەلومەرجەکە رەخساو بوو، بۆ خۆم سەردانی زیندان دەکەم و لەگەڵ زیندانیان قسە دکەەم\".

عابید فەتاحی نوێنەری مەجلیس لە ورمێ، لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی پاش یەک مانگ لە مانگرتنی زیندانیان، هەتا ئێستا بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچوون، گوتی؛ \"دروستە یەک مانگ بەسەر مانگرتنی زیندانیاندا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هەوڵ ئەدەین لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەکان چارەسەر بکەین\".

\"23729.jpg\"
عابید فەتاحی: کێشەی زیندانییان لە زیندانی ورمێ، بۆ کەمیی ئیمکاناتی ئێمە لە زیندانەکاندا دەگەڕێتەوە
زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ لە دوو ساڵ پێش ئیستاوە بەندەکەیان هەڵوەشیندرایەوە و بەشێک لە زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ بۆ بەندەکانی دیکەی نێو زیندان گوازرانەوەو ژمارەیەک لە زیندانیانی تاوانبار بە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانە گشتییەکانیان تێکەڵ بە زیندانییە سیاسییەکان کرد.

عابید فەتاحی سەبارەت بە هۆکاری تێکەڵ کردنی زیندانیان و راگواستنی زیندانیانی سیاسیی کورد بۆ بەندەکانی دیکەی نێو و زیندان گوتی؛ ئەگەر کەموکۆڕییەک لە زیندانەکاندا هەیە، ئەوە بە نیشانەی ئەوە نییە، کە نامانهەوێ کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵکوو ئەوە بۆ کەمیی ئیمکاناتی ئێمە لە زیندانەکاندا دەگەڕێتەوە\".

عابید فەتاحی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە پێناسەی ئێوە بۆ زیندانیی سیاسی چییە، گوتی: \"ئێمە وەکوو نیزامی کۆماری ئیسلامی رێز بۆ هەموو بیر و بۆچوونێک دادەنێین و هیچ دژایەتییەکی زیندانیانی سیاسی ناکەین و تەنانەت زۆریش لەلای ئێمە بەنرخن و کەسانێکی ئازیزن و رۆڵەی ئەم میللەتەن، چونکە ئەو زینداییە سیاسییانە لە هەموو جیهاندا پێناسە و رێزی تایبەتییان هەیە\".

ئەو نوێنەرە کوردەی مەجلیسی ئیسلامیی ئیران، سەبارەت بەو پرسیارەی هەواڵنێری کوردپا کە ئاخۆ ئەگەر رێز لە بۆچوونی جیاواز و کەسانی رەخنەگر دەگرن، بۆچی ئەو هەموو زیندانیە سیاسییە لە وڵاتی ئێراندا هەیە و دەیانخەنە زیندان و تەنانەت لەسێدارەیان ئەدەن، گوتیشی: \"ئێمە بەپێی یاسای وڵاتەکامان لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵسوکەوت دەکەین و دەبێ لە وڵاتی ئێرانیشدا یاسا جێبەجێ بکرێ و رێز لە یاسا دەگرین\".

فەتاحی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگەر خواستی زیندانیان لە ئوستاندا دەستەبەر نەکرێ، ئاخۆ ئەو پەرسە دەبەیتە مەجلیس، گوتی؛ \"ئێمە هەوڵ ئەدەین کێشەکانیان لە ئاستی ئوستاندا چارەسەر بکەین\".

رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو ٢١ رێکخراوی مافی مرۆڤ لە نامەیەکدا داوایان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردبوو، کە بەدەم داواکاریی زیندانیانی سیاسیی مانگرتووی کورد لە زیندانی ورمێ‌وە بچێت و پێداچوونەوە بە پەروەندە ئەو زیندانییانەدا بکەن.

لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ، خوێندکاری و چالاکانی سیاسیی کورد، لە بانگەواێکدا داوایان کردووە کە لە رۆژی ١ی بەفرانباردا خەڵكی کوردستان بۆ پشتیوانی لە داخوازیی زیندانیانی سیاسیی مەنگرتوو لە زیندانی ورمێ، مانگرتنێکی سەرتاسەری بەڕێوەبەرن و لە کردنەوەی دووکان و بازاڕەکان خۆ ببوێرن.

ئا: ئارام حاجی‌پوور