شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە دووتۆیی ئامارەکان

15:45 - 1 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: لە سی‌وپێنجەمین ساڵەی شەڕی ئێران و عێراق ئاسەوار و خەساری ئەو شەرە بۆ ئێران زیاتر لە ١٠ ترلیون مەزندە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سی‌وپێنجەمین ساڵی شەڕی ئێران و عێراق کە دوو هەزار ٨٨٨ رۆژی خایاند و بە دووهەمین شەڕی سەدەی بیستەم بە ئەژمار دێت ئامارێکی نوێ لە خەسارەتی ئەو شەڕە لە ئێران بڵاوبووتەوە.

لەو ئامارەنەدا هاتووە کە لە دەستپێکی ئەو شەڕەدا وڵاتی ئێران راستەوخۆ سێ هەزار و ٨١میلیارد تمەن زەرەرمەند بووە.

بە بەراورد کردنی دولار لەگەڵ تمەن ٥/١٠ترلیون دولار خەسار بەر ئێران کەوتووە.

ماڵپەڕی دەنگی ئابووری بڵاویکردووەتەوە \"تەنانەت داهاتی گشتی نەوتی ئێران لە ساڵی ١٣٥٩ هەتا ٨٩ش ناتوانێ قەرەبووی خەسارەتی ئەو شەڕە بکاتەوە.

بەپێی ئامارەکان لەو ٤٤٠میلیارد دولارە، ١٦١ میلیارد دولار خەساری بە مەوادی خواردەمەنی و کەرەسەی دیکە گەیاندووە.

کۆی گشتی کوژراوەکانی ئەو شەڕە ٢٣٣هەزار ٥٩١ کەس بوو کە ١٥٥هەزار کەسیان سەربازی تەمەن ١٦هەتا ٢٥ساڵە بووە.

لە درێژەدا ئامارەکە باس لە ٢٣٠هەزار کەم ئەندام و ٦هەزار بێسەروشوێن کراو دەکات.

لە ماوەی ئەو ٨ساڵەدا حکوومەتی بەعس ٥١٩ مووشکەی بە وڵاتی ئێرانەوە ناوە.

ساڵی رابردوو\"بونیادی پاراستنی ئاسەوار و بەهاکان\" راگەیاندبوو، ٥ میلیون کەسی ئێرانی لەو شەڕەدا بەشدار بوون کە ١٩٠هەزاریان کوژران و ٦٧٢هەزار کەس بریندار بوون.

٣٣هەزار قوتابی و ٣٥٠٠ خوێندکار لە ماوەی ئەو ٨ساڵەدا گیانیان لەدەست دا.

کارناسانی سیاسی و تەنانەت دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بڕوایەدان کە پاش کونتڕۆڵ کردنی شاری خۆرەمشار لە پارێزگای ئەهواز زەرەرێکی زۆر بە کۆمەڵگەی ئێران گەیشت.

شارەزایان دەڵێن، بیرۆکەی درێژکردنەوەی شەڕ لەلایەن خومەینی و سپای پاسداران بە دروشمی رزگاری قودس لە رێگای کەربەلا و شەڕ شەڕ هەتا لە ناوچوونی فیتنەی دونیا\" هۆکاری سەرەکی مادی و مەعنەوی لە ئێران بوون.