شەڕی داعش کوژرانی هاووڵاتییەکی دیکەی مەهابادی لێکەوتەوە

14:35 - 8 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد کە لە ژیر ناوی \" هیجرەت و جیهاد\" پەیوەست بە هێزەکانی داعش ببوو، لە چالاکییە نیزامییەکانی ئەو گرووپەدا کوژرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕ گەنجێکی مەهابادی لەتێکەڵچوونێکی چەکدارانەی ئەو هێزە لە عێراقدا گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەشاری مەهابادەوە شۆناسی ئەو هاووڵاتییەی \"تەیفی شەریفی\" کوڕی رەحمان راگەیاندووە.

سەرچاوەکە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند کە ناوبراو خەڵکی گەڕەکی \"بەری شیلان\"ی مەهاباد بووە کە ماوەیەک بەر لەئێستا پەیوەست بە ریزەکانی داعش ببوو.

سەرچاوەکە لە درێژەدا وتیشی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە رێوڕەسمی سەرەخۆشییان بۆ مردنی کوڕەکەیان بەڕێوە بردووە.

لەسەرەتای تێکەلچوونی چەکدارانەی هێزەکانی داعش لە گەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، چوار گەنجی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی \"م. ن\" تەمەن ١٦ ساڵ، \"ش.ن\" تەمەن ٢٠ ساڵ، \"ر.س\" و رەحیم بایزیدی تەمەن ٢٢ ساڵ لەشەڕ لەگەڵ هیزی پێشمەرگەی کوردستاندا کوژراون.

زانیارییە سەرەتاییەکان باس لە چوونی زیاتر لە ١٠٠ کەسی خەڵکی کوردستانی ئێران بۆ ناو ریزەکانی گرووپی ترۆرێستی داعش دەکەن.

زۆربەی ئەو کوردانەی کە لە کوردستانی ئێرانەوە روویان لە نێو داعش کردووە، خەڵکی ناوچەکانی مەهاباد، سەقز، جوانڕۆ، بۆکان و مەریوان بوون و هەتا ئێستا نزیک بە ٥٠ کەسیان لە چالاکییە نیزامییەکانی هێزەکانی داعشدا کوژراون.