شەڕو تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکان لە کرماشان و پڕوپاگەندەی سپای پاسداران لەو پەیوەندییەدا
ئاژانسی کوردپا: ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان لە شاری کرماشان بە تایبەتی لە گەڕەکی "جافرئاوا"ی ئەو شارە بەردەوامە و لەو پەیوەندییەدا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاووڵاتییانی ناڕازی و مەئموورانی حکوومەتی لەو گەڕەکە هاتە ئاراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی سەرماوەز، بە هۆی بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان لە گەڕەکی "جافرئاوا"ی شاری کرماشاندا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاووڵاتییان و مەئموورانی حکوومەتی هاتە ئاراوە و لەو پەیوەندییەدا، سپای پاسداران دەستی بە پڕوپاگەندە کردووە کە ئەو شەڕ و پێکدادانە لە نێوان دوو تایفە لەو گەڕەکەدا، ڕووی داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هێزێکی زۆر لە هێزەکانی بەسیج، سپای پاسداران و هێزە نیزامی و ئینتزامییەکان، لە ئاستی ئەو شارە و لە گەڕەکی "جافرئاوا"ی شاری کرماشاندا، ناڕەزایەتیی و تێکهەڵچوونەکان لە نێوان دانیشتوانی ئەو گەڕەکە لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان بەردەوامە."
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سپای پاسداران ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و پێکدادانی هاووڵاتییان لەگەڵ مەئموورانی حکوومەتی، بە شەڕی نێوان دوو تایفەیی لەو گەڕەکە ناو دەبات تاکوو دەستی لە سەرکوت کردن و گرتنی هاووڵاتییان ئاوەڵاتر بێت.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ٢ی سەرماوەز، "هووشەنگ بازوەند"، لە کۆبوونەوەی شۆرای پلاندانان و پەرەپێدانی پارێزگای کرماشان، هاووڵاتییانی ناڕازیی خەڵکی ئەو شارەی بە "پژاکی، داعشی، مۆنافێق و موعاند"ی حکوومەتی ئێران تاوانبار کرد و وتی هەموو ئەو کەسانە لەلایەن هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانەوە ناسێندراون و لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵسوکەوتی یاسایی دەکرێت.