شەڕ و کێشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست منداڵانی لە خوێندن بێبەری کردووە

15:26 - 14 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی شەڕ و کێشە لە ٦وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا، بنەماڵەکان خۆیان لە ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە دەبوێرن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کورد، لە حاڵی حازردا زیاتر لە ١٣میلیۆن منداڵ لە ٦وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی شەڕ وناکۆکیی ناوخوی و تایفەگەرییەوە لە خوێندن بە جێ ماون کە بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیوای بەردەوام بوونی ئەو نەسلە لەژیان نەماوە.

رێکخراوی یونێسیف لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە وڵاتانی وەک عێراق، سووریە، سوودان، یەمەن، فەلەستین و لیبی بە هۆکاری نەبوونی ئەمنیەت و سەقامگیری سیاسی منداڵەکانیان لە قوتابخانە بە جێ ماون.

تەنیا لە وڵاتانی عێراق، سووریە، یەمەن و لیبی زیاتر لە هەشت هەزار و ٨٥٠ قوتابخانە لە ناوچوون کە ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٠میلیۆن منداڵی لێکەوتووەتەوە.

لەو راپۆرتەدا کەلەلایەن هەواڵدەریی فەرانسەوە بلاو کراوەتەوە هاتووە: لە هەر چوار قوتابخانە لە وڵاتی سووریە یەکێکیان داخراوە و کە ئەمەش کاریگەری لە سەر دوو میلیۆن منداڵی ئەو وڵاتە داناوە.

ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە بۆ پێڕاگەیشتن و باشتربوونی دۆخی پەروەردەیی ناوچە قەیراناوییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا داوای ٣٠٠ میلیۆن دولار بودجەی کردووە.

ئەو راپۆرتەی سەندووقی منداڵانی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکات بوو لەگەڵ بڵابوونەوەی وێنەی منداڵێکی کوردی خەڵکی کۆبانێ کەلە رۆخی ئاوەکانی سووریە و تورکیە بە خنکاوی دۆزرابوویەوە.

شوناسی ئەو منداڵە کورد لە راگەیەنەکانی تورکیە \"ئایلان\" بڵاوکراوەتەوە کە لە کاتی جێهێشتنی کۆبانێ و ئاوراەبووندا، گیانی لە دەست دابوو.

ئایلانی تەمەن چوار ساڵان لەگەڵ دایکی بە ناوی رەیحانە و براکەی بە ناوی گالیپ لە رێگەی یونان لە ناو ئاودا خنکان.

بەپێی راپۆرتی کۆمیساریای باڵای رێکخراوی نەتەیەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس لە رێگەی زەریای مەدیتەرانەوە چوونەتە ئورووپا، هەروەها نزیکەی ٢٥٠٠ کەسیش لەو رێگەیەدا گیانیان لە دەست داوە.

زۆربەی پەنابەرەکان لە ترسی هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق، سووریە و لیبی روویان لە ئورووپا کردووە.