شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەتییەکان و هاووڵاتییان لە سەقز هاتە ئاراوە

11:18 - 5 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ''ژینا ئەمینی'' لە گۆڕستانی ''ئایچی'' سەقز، هاووڵاتییانی ناڕازی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە تەقە کردن لە ناڕازییەکان، کرد.

پاش ئەو شەڕ و پێکدادانەی هێزە ئەمنییەتی و هێزەکانی دژە شۆڕش لەگەڵ ناڕازییەکان، کانێکسی پۆلیس لە سەر پردی "قەوخ"، لەلایەن هاووڵاتییانی ناڕازی، ئاگری تێبەردرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کوردپا، هاووڵاتییانی ناڕازی بە هەڵکردنی ئاگر هەوڵی داخستنی شەقامەکانیان دا و ناڕەزایەتیی لە دەورووبەری فەرمانداری، گۆڕەپانی زیندان و گۆڕەپانی دایک، دەستی پێ کرد.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی ساچمەیی تەقاندن ڕووبەڕووی هاووڵاتیان بوونەوە.

هەتا ئێستا ئاماری دەسبەسەری یان برینداربوونی هاووڵاتییانی ناڕازی لەو خۆپیشاندانەدا بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، ڕێوڕەسمی چلەی ژینا-مەهسا ئەمینی سەرەڕای ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەتی، بە بەشداریی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، بەڕێوە چوو بوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، هاووڵاتییانی ناڕازای بە دروشمی وەک "ژن، ژیان، ئازادی"، "نەمان بۆ دیکتاتۆر"، "ئازادی ئازادی"، "ئەمساڵ ساڵی خوێنە، سەید عەلی تیاچوونە"یان دابوو.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ژینا-مەهسا ئەمینی، بە بەشداریی سەدان هاووڵاتیی بە بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، دووکانداران و بازاڕییان شارەکانی سنە، مەریوان، مەهاباد، بانە، بۆکان، کامێران، سەقز، و جوانرۆ، دووکانەکانیان داخستبوو.