شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەیئەتی یەکیەتیی تەعاونی و دووکاندارانی زێوەدا هاتە ئاراوە

15:18 - 18 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: شەڕ لە نێوان هەیئەتی یەکیەتیی تەعاونی لەگەڵ دووکاندارانی شارەکی زێوەی مەرگەوەڕدا هاتە ئاراوە و بە ناچاری بازاڕەکەیان بە جێهێشت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بانەمەڕ، یەکیەتیی تەعاونی لەگەڵ دێهیاری شارەکی زێوە و هێزە ئینتزامییەکان، هێرشیان کردە سەر دووکاندارانی ئەو شارەکە و شەڕ و پێکدادانان لە نێوانیاندا ڕووی دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەیئەتی یەکیەتیی تەعاونی ، لە هەوڵدابوون کە بازاڕییان ناچار بە دانانی پلاکارتی یەکیتیی تەعاونی بکەن، کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی دووکانداران، بەرەڕوو بوونەوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: پاش شەڕ و پێکدادانی هەیئەتی یەکیتیی تەعاونی لەگەڵ بازاڕییانی شارەکی زێوە، بازاڕییان ماوەی چەند کاتژمێرێک لە پێش دەرگای هێزە ئینتزامییەکانی زێوەدا، کۆ بوونەوە.

ناوەندە پەیوەندییەدارەکانی حکوومەت، ٤٠٠ دووکانداریان، لە شارەکی زێوەی ناوچەی مەرگەوەڕ، خستووەتە ژێر گوشارەوە، هەتا دووکانەکانیان ڕادەستی ئەوان بکەن.

زیاتر لە ٢٠ ساڵە کە دانیشتووانی شارەکی زێوە، لەو بازاڕەدا کار دەکەن و ماوەیەکە شیرکەتێک بە ناوی \"یەکیەتیی تەعاونیی هاکە\" دامەرزاوە کە ئەو یەکیەتییە خانەنشینکراوانی هێزە چەکدارەکان و باقی ڕێکخراوەکانی حکوومەتی لەخۆوە دەگرێت.

ناوەندە حکوومەتییەکان لە ڕێگای هێزە ئینتزامییەکانەوە و بە دروستکردنی دۆسیەی ساختە، بازاڕییانی شارەکی زێوەیان خستووەتە ژێرگوشارەوە، هەتا دووکانەکانیان ڕادەستی ئەوان بکەن.