شەڕ و تێکەڵچوونی پێشمەرگەکانی حدکا لەگەڵ سپای پاسداران لە پاوە

13:18 - 21 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: شەڕ و تێکەڵچوونی قورس لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سپای پاسداران، لە شاری پاوە، سەر بە پارێزگای کرماشان هاتە ئاراوە.

فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، باسی لە شەڕ و تێکەڵچوونی پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە لەگەڵ سپای پاسداران لە شاری پاوە کردووە.

لەو ڕاگەیاندراوەدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەو حیزبە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: ڕۆژی هەینی ٢٠ ڕەزبەر، لە سەیرانگای \"بیمیری\" شاری پاوە، کە پێشتر لە لایەن هێزێکی زۆری حکوومەتییەوە گەمارۆ درابوو، لە نێوان ئەو هێزە پۆشتە و پەرداختە حکوومەتییە کە پێک هاتبوو لە کۆمەڵێک دەستوپەیوەندییەدکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ یەکەیەک لە پێشمەرگەکانی ڕێکخستنی شار، سەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاری پاوە، شەڕێکی قورس هاتە ئاراوە.

فەرماندەییی هێزی پێشـمەرگەی کوردستان ڕایگەیاندووە: هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە چەندین جۆر چەکی قورس شوێنی مانەوەی پێشمەرگەکانی کردبووە ئامانج، پێشمەرگەکان لە بەرانبەر ئەو هەموو هێزە و چەک و کەرەستانە، شەڕێکی قارەمانانە و بێوێنەیان ئەنجام دا.

لە بەشێکی دیکە ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هاتووە: لەو شەڕەی کە زیاتر لە ۳ کاتژمێری خایاندووە، دوو ڕۆڵەی قارەمان و فیداکاری نەتەوەکەمان کە لە یەکەیەکی ڕێکخستنی شاردا سازمان درابوون بە ناوەکانی \"شەهید شاهۆ وەیسی\"و \"شەهید زانیار ئیسلامی\" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان بوون و هەروەها هاووڵاتییەکی دڵسۆزی شاری پاوە بە ناوی \"فەرشاد چەچانی\" کە بە مەبەستی سەیرانکردن لەو ناوچەیە بوو بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژرا.

ئەم شەڕ و تێکەڵچوونەی نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سپای پاسداران، پاش هەڕەشەی محەممەد حوسێن‌باقری، بەرپرسی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران، پاش سەردانی لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان ڕووی داوە.